Skip to the content
Menu

د. ڕێواز فائق پێشوازیی له‌ باڵیۆزی كه‌نه‌دا له‌ عێراق كرد

له‌ دیدارێكى نێوان سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و باڵیۆزی كه‌نه‌دا له‌ عێراق، بارودۆخ و دواپێشهاته‌ سیاسییه‌كانی عێراق و كوردستان و ڕه‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.
ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١١/٢، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ گریگۆری گالیگان، باڵیۆزی كه‌نه‌دا له‌ عێراق كرد.
له‌ دیدارێكی نێوانیاندا باسی چه‌ند پرسێكی سیاسی هه‌نووكه‌یی و ڕه‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادییه‌ گشتییه‌كان گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، شیكردنه‌وه‌یه‌كی وردی له‌باره‌ی دۆخی هه‌رێمى كوردستان له‌ ڕووی سیاسی و په‌یوه‌ندیی نێوان دامەزراوە دەستوورییەكان بۆ شاندی میوان خسته‌ڕوو، هاوكات گرنگی و بایه‌خی ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستاندا ده‌رچوون بۆ پارێزگاریكردن له‌ ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ری، مافه‌كانی مرۆڤ، ئازادییه‌ گشتییه‌كان و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تووندوتیژی دژی خێزان و منداڵ ڕوونكرده‌وه‌.
پاشان گریگۆری گالیگان، باڵیۆزی كه‌نه‌دا له‌ عێراق، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد بۆ پێشوازیلێكردنیان، هاوكات ئاڵوگۆڕیی بیروڕای خۆی بۆ ئه‌و پرسانه‌ی كه‌ باسكران له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان تاووتوێ كرد.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر گه‌شه‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان كرده‌وه.