Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیی له‌ كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد

پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١١/٣٠، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ ده‌یڤد هه‌نت، كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندی یاوه‌ری كرد، كه‌ به‌مه‌به‌ستى ماڵئاواییكردن و ته‌واوبوونی ئه‌ركه‌كه‌یان له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی كردبوو.
له‌ دیدارێكی نێوانیاندا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌بایه‌خه‌وه‌ باسی گرنگیی ماوه‌ی كاركردنی به‌ڕێزیان و لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌شی نێوانیان كرد و هیوای سه‌ركه‌وتنیشی بۆ خواست له‌و ئه‌ركه‌ نوێیه‌ی كه‌ له‌ ئاینده‌دا پێیان ده‌سپێردرێت.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا، دواین په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسییه‌كان و چه‌ند پرسێكی هه‌نووكه‌یی گفتوگۆی كورت خایه‌نیان له‌باره‌وه‌ كرا.
لای خۆیه‌وه‌، ده‌یڤد هه‌نت، كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا، سوپاسگوزاریی خۆی ده‌ربڕی بۆ پێشوازیلێكردنیان و به‌بایه‌خه‌وه‌ باسی په‌یوه‌ندی و هاوئاهه‌نگیی نێوان كونسوڵخانه‌ی به‌ریتانیا و په‌رله‌مانی كوردستانی كرد.
له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر گه‌شه‌پێدانی زیاتر و به‌ره‌وپێشه‌وه‌بردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نیوانیان كرده‌وه.