Skip to the content
Menu

د. هێمن هەورامی پێشوازیی لە كونسوڵی گشتیی نوێی كوێت کرد

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١١/١٦، د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ عوسمان داود ئه‌لداود، كونسوڵی گشتیی نوێی وڵاتی كوێت له‌ هه‌رێمى كوردستان كرد.
له‌ دیداره‌كه‌دا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، هیوای سه‌ركه‌وتنی له‌ ئه‌ركه‌ نوێیه‌كه‌ی وه‌ك كۆنسوڵی گشتیی وڵاتی كوێت بۆ خواست و سوپاسی هه‌ڵوێست و هاوكارییه‌ مرۆیی و ئابووری و سیاسی و دیپلۆماسییه‌كانی وڵاتی كوێتی كرد كه‌ له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا پێشكه‌ش به‌ هه‌رێمی كوردستانی كردووه‌، به‌تایبه‌ت له‌ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعشدا.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا بۆ كۆنسوڵی گشتیی نوێی كوێت، د. هێمن هه‌ورامی، ئه‌وه‌ی خسته‌ڕوو كه‌ پێویسته‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و ده‌وڵه‌تی كوێت زیاتر پێشبخرێن به‌جۆرێك كه‌ له‌ ئاست په‌یوه‌ندییه‌ مێژوویی و تووندوتۆڵه‌كانی نێوان هه‌ردوو گه‌ل بێت. ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كە له‌ چوارچێوه‌ی كار و پڕۆژه‌ كلتووری و ئابوورییه‌كانی داهاتووی وڵاتی كوێت له‌ عێراقدا، گرنگی و تایبه‌تمه‌ندی به‌ پێگه‌ی هه‌رێم بدرێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش پێویست ده‌كات هه‌ماهه‌نگیی زیاتر له‌نێوان هه‌ردوولادا دروست ببێت.
هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی دیداره‌كه‌دا، د. هێمن هه‌ورامی، پوخته‌یه‌كى له‌باره‌ى كارەکانی په‌رله‌مانی كوردستان له‌م چه‌ند وه‌رزه‌ی یاسادانان و دۆخی سیاسی و ئابووریی عێراق و هه‌رێمی كوردستان باس كرد.
له‌ به‌رامبه‌ردا، كونسوڵی گشتیی نوێی وڵاتی كوێت له‌ هه‌ولێر، په‌یوه‌ندییه‌ مێژوویی و كلتوورییه‌كانی نێوان وڵاته‌كه‌ی و هه‌رێمی كوردستانی به‌رزنرخاند، هاوکات ئەوەشی خسته‌ڕوو كه‌ هه‌ردوولا پێویسته‌ هه‌وڵی ته‌واو بده‌ن بۆ پێشخستن و به‌رزتركردنه‌وه‌ی ئاستی په‌یوه‌ندییه‌كان، به‌تایبه‌ت له‌ڕووی كلتووری و ئابووری و پێشخستنی په‌یوه‌ندیی په‌رله‌مانیی نێوان هه‌ردوولاشی به‌ گرنگ و پێویست له‌ قه‌ڵه‌م دا. هه‌روه‌ها سه‌رسامی و خۆشحاڵیی خۆیشی ده‌ربڕی له‌ هه‌بوونی ئاسایش و سەقامگیری و كلتووری ده‌وڵه‌مه‌ندى پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان پێكهاته‌ و ئاینه‌ جیاوازه‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.