Skip to the content
Menu

لێژنه‌ی كاروباری په‌رله‌مان و سكاڵا له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایەتیی دیوانى په‌رله‌مان كۆبووەوە

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن و تاووتوێکردنی کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە کاری لێژنەکە و كاروباره‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی دیوانی په‌رله‌مان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/١١/٢٨، لێژنەی کاروباری پەرلەمان و سکاڵا، بەسەرپەرشتیی چیا حه‌مید شه‌ریف، جێگری سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی ئەندامانى و ڕاوێژکارانى لێژنه‌كه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌رده‌لان محه‌مه‌د سەرسپی، سه‌رۆكی دیوانی په‌رله‌مان و هیوا نه‌سره‌دین، جێگری سه‌رۆكی دیوان، کۆبووەوە.
سەرەتای کۆبوونەوەى ئاسایی لێژنه‌كه‌، باس له‌ په‌یوه‌ندیی نێوان لێژنه‌كه‌ و هاوتاكه‌ى له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرا و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لێژنه‌ بڕیاری دا ئامادەکاری بکات بۆ پێكهێنانی شاندێک تا سەردانی لێژنەی کاروباری پەرلەمان لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له‌ بەغدا بكات بۆ دروستکردنی پەیوەندییەکی پتەو لەنێوان هه‌ردوولادا.
دواتر ده‌سته‌ی سەرۆکایەتی دیوانى په‌رله‌مان بەشداریی تەوەرەی دووەمی کۆبوونەوەکە بوون به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆکردن و تاووتوێکردنی هەندێ بابەت و پرسی ناوخۆ و ئیداریی پەرلەمانی کوردستان، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا پرسیار و ڕاو و بۆچوون و داواکاری و ئاستەنگ و ئاریشەکانی په‌یوه‌ست بە کاروباری پەرلەمان، لەلایەن جێگر و ئەندامانی لێژنەی ناوبراوه‌وه‌، ئاراستەی سەرۆکایەتیی دیوان کران و پاش گفتوگۆیەکی چڕ، سه‌رۆكی دیوان و شاندی یاوه‌ری ڕوونكردنه‌وه‌ی ته‌واویان خسته‌ به‌رده‌ستی لیژنه‌كه‌ و هەوڵی دۆزینەوی چارەسەری گونجاویاندا.