Skip to the content
Menu

لێژنه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و وه‌به‌رهێنان پرسی پڕۆژه‌ ته‌واونه‌كراوه‌كانی ڕێگه‌وبان و یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون تاووتوێ ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تێكی په‌یوه‌ندیدار به‌ كاروباری لێژنه‌كه‌، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١١/٢٧، لێژنه‌ی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و وه‌به‌رهێنان، به‌سه‌رپه‌رشتیی به‌هجه‌ت عه‌لی، جێگری سه‌رۆكی لێژنه‌ و ئاماده‌بوونی بڕیارده‌ر و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی لێژنه‌كه‌ كۆبووه‌وه‌.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر كێشه‌ی ته‌واونه‌كردنی پڕۆژه‌ی ڕێگه‌ی سه‌ره‌كیی كه‌لار-سلێمانی و به‌شێك له‌ ڕێگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی نێوان شاره‌كانی هه‌رێم، ئه‌ندامان ڕاو سه‌رنجی خۆیان خسته‌ڕوو و بڕیار درا وه‌زیری ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و نیشته‌جێكردن بانگهێشتی لێژنه‌كه‌ بكرێت بۆئه‌وه‌ی ڕوونكردنه‌وه‌ی پێویست له‌وباره‌یه‌وه‌ بخاته‌ به‌رده‌ستی لێژنه‌كه‌.
دواتر گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر پرسی دروستكردنی بیست هه‌زار یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون كه‌ بڕیار دراوه‌ بۆ خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌ت و هه‌ژار دروست بكرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ بڕیار درا سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنان بانگهێشتی لێژنه‌كه‌ بكرێت بۆ پێدانی زانیاریی پێویست له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانی ده‌ستپێكی پڕِۆژه‌كه‌.
له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، سه‌رجه‌م ئه‌و نووسراوانه‌ی ئاراسته‌ی لێژنه‌كه‌ كرابوون خوێندرانه‌وه‌ و كاری پێویستییان له‌سه‌ر كرا.