لێژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابوورى چه‌ند پرسێكی گرنگ تاووتوێ ده‌كات
بەمەبەستی تاووتوێكردنی چه‌ند پرسێكی گرنگی په‌یوه‌ست بە کاری لێژنەکە، سەرلەبەیانیی ئه‌مڕۆ دووشەممه ٢٠٢٢/١١/١٤، لێژنه‌ی دارایی و كاروبارى ئابوورى، به‌سه‌رپه‌رشتیی زیاد جه‌بار، سه‌رۆكى لێژنه و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه و بڕیاردەر و ئه‌ندامان و ڕاوێژکارانی لێژنه‌كه، کۆبووەوه.
لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، ئەو نووسراو و سكاڵایانەی ئاراستەی لێژنەكە كرابوون، خوێندنەوەیان بۆ كرا و دوای گفتوگۆ و بیروڕاگۆڕینەوه‌ی ئەندامان له‌باره‌یانه‌وه، ئەوانەی پێویستییان بە وەڵامدانەوە هەبوو، وەڵام درانەوە، ئەوانەی تریش ئاراستەی لایەنی پەیوەندیداركران بۆ كاری پێویست.
سه‌باره‌ت به‌بابەتی بڕەپارەی ماوەی خەرجنەکراوی گەنمی جووتیاران لە بانکەکانی هەرێمدا، كه له‌لایه‌ن لێژنه‌كه‌وه له نزیكه‌وه بەدواداچوونى بۆ كراوه و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش سەردانی وەزارەتی دارایی و کاروباری ئابووریی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانى كردووه، له‌ئێستادا لێژنەكه چاوەڕوانی وەڵامی لایەنی پەیوەندیدارن لەوبارەیه‌وە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، کێشەی بەڵێندەران گفتوگۆى له‌باره‌وه کرا و بڕیار درا بەدواداچوونى بۆ بكرێت.
له‌باره‌ى پرسی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران و مامۆستایان و بەهەمیشەییکردنی مامۆستایانی وانەبێژ، پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی ٢٠٢٣، کە بابەتێکی گرنگی ڕاپۆرتە گشتگیرەکەی لێژنەکەن، بڕیار درا نووسراو ئاراستەی وەزارەتی دارایی و کاروباری ئابووری بکرێت بۆ ئامادەبوونی وەزیری ناوبراو بۆ تاووتوێکردنی ئەو پرسانە.
پاشان گلەیی و نیگەرانیی لێژنەكه سەبارەت بە وەڵامنه‌دانه‌وه‌ی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەبارەی ڕاپۆرتە گشتگیرەکەی لێژنەکە، بۆیه بڕیار درا دیسان نووسراوێکی جەختکردنەوە ئاراستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت بەمەبەستی ئامادەبوونی لایەنی پەیوەندیدار لە حکوومەت لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستاندا بۆ گفتووگۆکردنی ڕاپۆرتە گشتگیرەکە کە لەئێستادا حکوومەتی هەرێم دەستی کردووە بە جێبەجێکردنیان، چونکە سەرجەم تەوەرەکانی ڕاپۆرتە گشتگیرەکە پرسی چارەنووسسازن بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان.