لێژنەی کاروباری پێشمەرگە بەدواداچوون بۆ چەند پرسێک دەکات
بەمەبەستی تاووتوێکردن و بەدواداچوون بۆ چەند پرسێکی پەیوەست بە کاری لێژنەكه، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/١١/٣٠، لێژنەی کاروباری پێشمەرگە، بەسەرپەرشتیی ڕێڤینگ هروری، سەرۆکی لێژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لێژنە و ئەندامانی کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، خوێندنەوە بۆ سەرجەم ئەو ڕاپۆرت و نووسراوانە کرا کە ئاراستەی لێژنەکە کرابوون و تایبەتبوون بە کێشە و گرفتی ھێزەکانی پێشمەرگە، دوای گفتوگۆکردنیان وەڵامی پێویستیان درایهوه.
لە تەوەرێکی دیكهی کۆبوونەوەكهدا، چەند پرسێکی پەیوەست بە هێزەکانی پێشمەرگە گفتوگۆیان لهبارهوه كرا، لەوانەش پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران و ماف و شایستە داراییەکانی ئەفسەران و پێشمەرگە. بەمەبەستی بەدواداچوون و چارەسەرکرنی کێشە و گرفتەکان، لێژنە بڕیاری دا هەفتەی داھاتوو لەگەڵ ستافی وەزارەتی پێشمەرگە لەسەر ئەو پرسانە کۆببێتەوە.