لێژنەی وزه و سامانە سرووشتییەكان بەدواداچوون بۆ سیستەمی غاز دەكات
به‌مه‌به‌ستی تاووتوێكردن و به‌دواداچوون بۆ سیسته‌می غاز، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/١١/٢٣، لێژنەی وزه و سامانە سرووشتییەكان و پیشەسازی و بازرگانی، بەسەرپەرشتیی گوڵیزار ڕەشید، جێگری سەرۆكی لێژنە و ئامادەبوونی بڕیاردەر و ژماره‌یه‌ك لە ئەندامانی لێژنه‌كه، كۆبوونەوەی نائاسایی خۆی ئەنجام دا.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه به ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ ڕێزلێنان له گیانی پاكی قوربانییانی هه‌ردوو كاره‌ساته‌كه‌ی سلێمانی و دهۆك ده‌ستیپێكرد، دوای تاووتوێكردنى هه‌ردوو ڕووداوە دڵتەزێنەكەی تەقینی غازی شۆڤاژ لە پارێزگاكانی سلێمانی و دهۆك، كە به‌هۆیانه‌وه چەندین كەس بوونە قوربانی، لێژنەكە نووسراوێكی ئاراستەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان كرد بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ سیستەمی غازی شۆڤاژ كە بۆ خۆگەرمكردنەوە بەكار دێت، بەتایبەت لە وەرزی زستاندا به‌وه‌ی كە بۆچی ئەو ڕووداوانە ڕوودەدەن لەم وەرزە و هۆكار و كەمتەرخەمییەكان چین دەستنیشان بكرێن.
هەر لە كۆبوونەوەكەدا، لێژنە بڕیاری دا ڕاپۆرتێك لەبارەی كێشە و گرفتەكانی سیستەمی غاز لە هەرێمی كوردستان ئامادە بكات، لەگەڵ ئەوەشدا پێداچوونەوە بە ڕێنماییەكانی وەزارەتی ناوخۆ بەم سیستەمی غازە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەكان و بازرگانی و پیشەسازی.
لە كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، لێژنە داوای كرد كە لە دانیشتنه‌كانی داهاتووی پەرلەمانی كوردستاندا تەوەرێك تایبەت بكرێت بەم پرسە.