Skip to the content
Menu

په‌یامی پیرۆزبایى سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌ ساڵیادى دامه‌زراندنی یه‌كێتیی ژنانی كوردستاندا
د. ڕێواز فائق: "پێگەیاندنی ده‌یان ژنی سه‌ركرده‌ له‌ ڕیزه‌كانی ئه‌م ڕێكخراوه‌دا گه‌واهیده‌ری مێژووی پڕ سه‌روه‌ریی یه‌كێتیی ژنانی كوردستانه‌"

به‌بۆنه‌ی (٣٣) ھە‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتیی ژنانی كوردستان، جوانترین پیرۆزبایی خۆم ئاراسته‌ی سکرتێر و ئه‌ندامانی مەکتەبی سكرتاریه‌تی یه‌كێتیی ژنانی كوردستان ده‌كه‌م، هیواخوازم ئه‌م یاده‌ شكۆمه‌نده‌ ببێته‌ مایه‌ی به‌دیهاتنی سه‌رجه‌م خواست و داخوازییه‌ ڕه‌واكانی ژنان و سه‌ركه‌وتنی ئه‌و پلان و ئامانجه‌ ستراتیژییانه‌ی كه‌ به‌درێژایی سی و سێ ساڵ له‌پێناویدا تێكۆشاوه‌.
یه‌كێتیی ژنانی كوردستان، هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه‌ وه‌ك ڕێكخراوێكی بوێر و ڕه‌چه‌شكێن، له‌ هه‌وڵی یه‌كخستنی تواناكان و سه‌لماندنی ڕۆڵ و پێگه‌ی ژن له‌ كۆمه‌ڵگەدا و هێنانه‌پێشه‌وه‌یان له‌ كۆڕی خه‌بات و تێكۆشانی شارستانییانه‌ و به‌شداریپێكردنیان له‌ پرۆسه‌ی سیاسی و به‌ڕێوه‌بردندا سه‌رمه‌شق و پێشه‌نگ بووه‌. پێگەیاندنی ده‌یان ژنی سه‌ركرده‌ له‌ ڕیزه‌كانی ئه‌م ڕێكخراوه‌دا گه‌واهیده‌ری مێژووی پڕ سه‌روه‌ریی یه‌كێتیی ژنانی كوردستانه‌.
ئومێده‌وارم هه‌میشه‌ له‌ پێشه‌نگیدا بمێننه‌وه‌ بۆ خزمه‌تكردنی زیاتری دۆزی ڕه‌وای ژنان و به‌دیهێنانی سه‌رجه‌م ئامه‌نجه‌كان.
د. ڕێواز فائق
سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان