په‌یامی لێژنه‌ی داكۆكیكردن له مافی ئافره‌ت له ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی تووندوتیژی دژ بە ئافرەتان
له ڕۆژی ٢٥ی ١١ی ٢٠٢٢، ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی تووندوتیژی دژ بە ئافرەتان و ڕاگەیاندنی هەڵمەتی ۱٦ڕۆژەی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی، بەپێویستی دەزانین هەموو تواناکان تەرخان بکرێن بۆ بەدیهێنانی کۆمەڵگه‌یەکی یەکسان و دادپەروەر بە تێکۆشان و بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی و ئاڵنگاری لەهەموو ڕۆژ و ساتێکی ساڵدا نەك تەنها لەم ١٦ڕۆژەدا، هەموو کاتێك سەرکۆنەی هەموو جۆرەکانی تووندوتیژی دژ بە ئافرەتان دەکەین، بەداخەوە ڕۆژانە بەشێك لە ئافرەتانمان ڕووبەڕووی تووندوتیژی دەبنەوه، بەهۆیەوە بەشێکیش دەبنە قوربانی.
ڕۆژی جیهانیی نه‌هێشتنی تووندوتیژی دژی ئافره‌ت كه له نەتەوەیەکگرتووەکان UN له ساڵی ١٩٩٩ ده‌ستنیشان كراوه، له‌پێناو گه‌یشتن به دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی له مافه‌كان له‌نێوان ژن و پیاودا، بۆ به‌د‌یهێنانی كۆمه‌ڵگه‌ی ته‌ندروست و پێشكه‌وتوو و سه‌قامگیر، كه ئه‌زموونه‌كان سه‌لماندوویانه تا ئافره‌ت ئازاد نه‌بێ، وڵات پێش ناكه‌وێ، سه‌قامگیریی به دروستی تێدا فه‌راهه‌م نابێت.
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له‌م ١٦ڕۆژه گرنگه‌دا له سه‌رتاسه‌ری جیهان لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان هه‌موو ئه‌وانه‌ی باوه‌ڕیان به‌م پرسه‌یه به چەندین په‌یام و پڕۆژە و چالاکیی جۆراوجۆر ڕِووبەڕِووی تاوانه‌كانی تووندوتیژی دژ به ژنان دەبنەوە و پەیامی ئەمساڵیش بە (یەکخستنی تواناکان لەپێناو کۆتاییهێنان بە تووندوتیژیی کچان و ژنان)، پێکەوە بۆ جیهانێکی خالی لە تووندوتیژی و پڕِ لە ئاشتی و خۆشەویستی هەوڵ دەدەین.
لە خوله‌كانی ڕابردووی په‌رله‌مانی كوردستان چەند یاسایەکی باش و سەردەمیانە دەرکراون، هەمواری هەندێ لە یاساکان کە گرنگی و بایەخیان هەیە لەسەر ڕەوتی پێشکەوتنی کۆمەڵگه‌ی تەندروست پەسەند کراوە، بە تایبەت لەو بڕگە و ماددانەدا کە پەیوەندیدارن بە مافەکانی ئافرەتانەوە لە هەرێمی کوردستان، لەم هەڵمەتە گرنگەدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی بەڵێن دووپات دەکەینەوە بۆ ئافرەتانی هەرێمی کوردستان کە لە ڕێگه‌ی بەرپرسیاریەتیی کاری پەرلەمانیمان بەدواداچوون دەکەین بۆ جێبەجێکردنی یاسابەرکارەکانى ئەم بوارانە، دەرکردنی یاسای نوێی پێویست و هەمواری هەر یاسایەک کە هەناسەی جیاکاریی له‌نێوان ئافره‌ت و پیاودا تێدابێت لەئەستۆ بگرین، دژی تووندتیژی بەرامبەر بە ئافره‌ت و خێزان بوەستینەوە و بەرگریکاری سەرسەختی مافەکانیان و پاراستنی شکۆی خێزان و ئافرەت بین.
هەرچەندە تا ئه‌م ڕۆژگاره‌ش ده‌بینین بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ستن به پرسی مافی ئافره‌ت، كێشه و ئاسته‌نگیان بۆدروست ده‌كرێت له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌ت به‌كار ده‌هێنرێن و به‌لاڕِێدا ده‌برێن، یاخود به سیاسی ده‌كرێن، به‌ڵام به‌ڵێن ده‌دەین به لۆژیك وهێمنی و گفتوگۆی بابه‌تیانه كار بۆ لابردنی ئه‌م ئاسته‌نگانه بكه‌ین و به‌رده‌وام ده‌بین له داكۆكیکردن له مافه ڕِه‌واكانی ئافره‌ت و به‌رەنگاربوونه‌وه‌ی هه‌موو جۆره تووندوتیژییه‌ك كه ڕِووبه‌ڕِوویان ده‌بێته‌وه، سڵ ناكه‌ین له به‌جێگه‌یاندنی ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تییه‌ی له‌ئه‌ستۆمانه شانبه‌شانی به‌رگریمان له به‌هاكانی مافی مرۆڤ و ئاینه پیرۆزه‌كان و به‌ها و كلتووره به نرخه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانی.
له كۆتاییدا دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه با هەموومان بەیەکەوە جیهان پرتەقاڵی بکەین و هەنگاوەکانمان بۆ بونیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پڕِ لە ئاشتی و خۆشەویستی و بێ تووندوتیژی بێت.
لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەت له په‌رله‌مانى كوردستان
۲٥ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢