ڕاگەیهندراوی لێژنەی ڕۆشنبیری بۆ ساڵڕۆژی بونیادنانی پایتەختی ڕۆشنبیریی هەرێمی كوردستان
ئەمڕۆ ٢٣٨ ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر بونیادنانی شاری سلێمانی-دا، كە لە ١٤ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٧٨٤ دا و لەلایەن "ئیبراهیم پاشای بابان"ەوە و بەناوی "سلێمان" پاشای بابان، دامەزرێنەری ئەمارەتی بابان ناونراوە و لەو سەردەمەدا كراوەتە پایتەختی میرنشینی بابان.
سلێمانی، سەرەڕای ئەوەی هەمیشە لانكەی شۆڕش بووە لە قۆناغە یەك لە دوای یەكەكاندا، له ههمان كاتدا لانكەی بیری نوێخوازی و ڕۆشنبیریش بووە و یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی لەسەر ئاستی باشووری كوردستان لەم شارەدا دەرچووە و یەكەمین چاپخانەش كە لە كوردستاندا دەستبەكار بووبێت هەر لەم شارەدا بووە، سەرەڕای ئەوەی یەكەمین جار خوێندن بەزمانی كوردی لەم شارەدا بووە و بزوتنەوەی شانۆی كوردی-یش هەر لەم شارەوە سەریهەڵداوە و یەكەمین سروودی كوردی-یش كە لەسەر قەوان تۆمار كرابێت هەر لەم شارەدا بووە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی پهرلەمانی كوردستان-یش بە بڕیارێك ئەم شارەی كردۆتە پایتەختی ڕۆشنبیریی هەرێمی كوردستان.
لە ساڵڕۆژی بونیادنانی ئەم شارە كلتوورییەی كوردستاندا، سەرەڕای ئەوەی سەری ڕێز و وەفا بۆ شەهید و ڕۆشنگەر و ڕۆشنبیرەكانی ئەم شارە كلتوورییە دادەنەوێنین، داواش لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بایەخی زیاتر بە ژێرخان و سەرخانی كلتووریی ئەم شارە بدات و سلێمانی بە كرداری بكرێتە شارێكی ڕۆشنبیری لەسەر ئاستی ناوچەكەدا.
لێژنهى ڕۆشنبیری و کۆمەڵگەی مەدەنی و وهرزش و لاوان له پهرلهمانی كوردستان
١٤ى تشرینی دووهمى ٢٠٢٢