Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیی له‌ باڵیۆزی نوێی دانیمارك له‌ عێراق كرد

دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١١/٢١، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ كریستیان تۆرنینگ، باڵیۆزی نوێی دانیمارك له‌ عێراق كرد.
له‌ دیدارێكی نێوانیاندا، باسی دواین په‌ره‌سه‌ندنه‌ سیاسییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، هه‌نگاوه‌كانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ بۆ سه‌رله‌نوێ پێداچوونه‌وه‌ى دۆسیه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان تایبه‌ت به‌ سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كانی ژیانی گشتی و ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان، هه‌روه‌ها گه‌ڕاندنه‌وه‌ی ئارامی و سه‌قامگیریی ده‌روونی بۆ هاووڵاتییانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان، گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا.
د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای پیرۆزباییكردن له‌ كریستیان تۆرنینگ، باڵیۆزی نوێی دانیمارك له‌ عێراق، به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ ئه‌ركه‌ تازه‌كه‌یدا، ڕایگه‌یاند: "پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی نوێدایه‌، ئه‌ركی سه‌رشانی لایەنەكانە سازش له‌سه‌ر به‌شێك له‌ داخوازییه‌كانیان بكه‌ن به‌ ئاراسته‌ی گه‌یشتن به‌ كه‌ناری ئارامی و لێكتێگه‌یشتنی هاوبه‌ش له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندیی باڵای نیشتمانی و ڕه‌خساندنی هه‌لومه‌رجی گونجاو بۆ بووژانەوە و گه‌ڕاندنه‌وه‌ی متمانه‌ی هاووڵاتییان".
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان جه‌ختی له‌ زمانی دیالۆگ و پته‌وتركردنی ڕایه‌ڵه‌كانى پێكه‌وه‌ژیان و ته‌بایی نێوان هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان كرده‌وه‌، لەسەر بنەما و پرەنسیپەكانی دەستوور و دیموكراسییەت.
لای خۆیه‌وه‌ كریستیان تۆرنینگ، باڵیۆزی دانیمارك له‌ عێراق، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراسته‌ی سه‌رۆكی په‌رله‌مان كرد بۆ خستنه‌ڕووی ئه‌و بابه‌تانه‌ی كه‌ گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا، هیواشی خواست له‌ ئاینده‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان دانیمارك و هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی زیاتر به‌خۆیه‌وه‌ ببینێت.