شاندێكی لێژنەی شارەوانی سه‌ردانی دەستەی گەشتوگوزار و بەڕێوه‌بەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێم ده‌كات
بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە ڕه‌وشی كه‌رتی گەشتوگوزار و کێشەکانی ئاوی هەرێم، ڕۆژی سێشەممە ٢٠٢٢/١١/١، شاندێکی لێژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گه‌شتوگوزار، بەسه‌رۆكایه‌تیی لوقمان وەردی، سەرۆکی لێژنە و ئه‌ندامیه‌تیی هه‌ریه‌ك له د. محێدین حه‌سه‌ن، د. زێدان برادۆستی، ئەندامانی لێژنەكه، لە دوو سەردانی جیاوازدا سەردانی دەستەی گەشتوگوزار و بەڕێوه‌بەرایه‌تیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمى كرد.
سەرەتا شاندەکە سەردانی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کرد و لەلایەن ئەمەل جه‌لال، سەرۆکی دەستەكه پێشوازیی لێ‌کرا و له دیدارێكدا گفتوگۆ له‌باره‌ی چۆنیەتیی بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتوگوزار كرا کە ببێتە سەرچاوەیەکی گرنگی داهات بۆ هه‌رێمه‌كه‌مان و جه‌خت له‌سه‌ر پێویستیی گرنگیدانی زیاتر به‌و كه‌رته له هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه.
هه‌ر له دیداره‌كه‌دا، گفتوگۆ له‌سه‌ر کێشە و کەموکوڕییەکانی كه‌رتی گەشتوگوزار کرا و ڕێگه‌چارەیان دیاری کران و جەخت لەوە کرایه‌وە کە پێویستە لە نزیکترین کاتدا ڕێنمایی تایبەت بە یاسای گەشتوگوزار دەربچێت، بۆئەوەی یاساکە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە کۆتایی دیدارەکەشدا، جەخت لەسه‌ر ھەماھەنگی و ھاوکاریی زیاتری نێوان ھەردوولا کرایەوە.
پاشان شاندی لێژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان سەردانی بەڕێوه‌بەرایه‌تیی ئاو و ئاوەڕۆی هەرێمی کرد و لە دیدارێکدا باس لە کێشە و گرفتەکانی کەمئاوی و چارەسەرییەکان کرا، هاوکات داوا کرا ئامادەکاری بکرێت بۆ ڕیگریکردن لە دروستبوونی لافاو لە هەولێر له كاتی باران باریندا.