Skip to the content
Menu

یاسای په‌روه‌رده‌ و فێركارى به‌ده‌نگی (٦٧) ئه‌ندامی په‌رله‌مان په‌سند كرا

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ٢٠٢٢/١١/١٥، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و ئاماده‌بوونی د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره (١٢)ی ئاسایی خولی پایزه‌ى ساڵی چوارەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.
لەدانیشتنەکەدا کە د. ڤاڵا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان ئامادەیبوو، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، به‌ناوى خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌. پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌ى خوێنده‌وه.
به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌، کە له‌لایه‌ن لێژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه‌ خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ پڕۆژەیاسای بەركاركردن و هەمواری پیادەكردنی یاسای كەرەنتینی كشتوكاڵیی عێراقی، ژمارە ٧٦ی ساڵی ٢٠١٢ی هەمواركراو لە هەرێمی كوردستان كرا و له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ ئاراسته‌ی لێژنه‌ تایبتمه‌نده‌كان و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مان كرا.
به‌ر له‌ده‌ستكردن به‌ خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ كه‌ بریتی بوو له‌ ده‌نگدان لەسەر پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێركاری لە هەرێمی كوردستان، كه‌ د. ڤالا فه‌رید، وه‌زیری هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان ئاماده‌ی به‌شێكی بوو، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان له‌ وته‌یه‌كی كورتدا سه‌باره‌ت پڕۆژه‌یاساكه‌، ڕایگه‌یاند: "ئه‌مه‌وێ زۆر زۆر سوپاسی به‌ڕێزان لێژنه‌ی په‌روه‌رده‌، لێژنه‌ی یاسایی، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ى حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكه‌م، كه‌ زۆر زۆر ماندووبوون له‌ ئاماده‌كردنی ئه‌م ڕاپۆرته‌ی كه‌ بڕواناكه‌م له‌ مێژووی په‌رله‌مانى كوردستاندا ڕاپۆرتی به‌مشێوه‌یه‌ ئاماده‌كرابێ، سوپاسێكی تایبه‌تیی به‌ڕێز سه‌رۆكی لێژنه‌ی یاسایی ئه‌كه‌م كه‌ توانیی هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ ئه‌ندامانى به‌ڕێزی په‌رله‌مان هه‌رچی قسه‌یه‌كیان كردبوو هه‌ر هه‌مووی جارێكی تر گوێی لێبگرێته‌وه‌ و ده‌رجی بكات و بینووسێته‌وه‌، كه‌ ئه‌وه‌ باوه‌ڕم وایه‌ توانایه‌كی به‌ده‌رى زۆر تایبه‌ته‌. هه‌روه‌ها سوپاسی به‌ڕێز سه‌رۆكی لێژنه‌ی په‌روه‌رده‌ ئه‌كه‌م به‌تایبه‌تی، كه‌ له‌ ئیداره‌دانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ له‌گه‌ڵ لێژنه‌كه‌ی خۆی و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان، له‌گه‌ڵ ئه‌و چین و توێژانه‌ى كه‌ ڕاسته‌وخۆ په‌یوه‌ندییان به‌م یاسایه‌وه‌ هه‌یه‌ ماندووبوون".
گووتیشی: "پێم وایه‌ ڕۆژێكی مێژووییه‌ بۆ سێكته‌رى په‌روه‌رده‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان كه‌ ده‌نگ ده‌ده‌ین له‌سه‌ر كۆبه‌ندی بابه‌تی په‌روه‌رده‌، كه‌ ئه‌مه‌ یه‌كه‌مجاره‌ له‌ مێژووی عێراق و له‌ مێژووی هه‌رێمی كوردستاندا بابه‌تێكی به‌مشێوه‌یه‌، یاسایه‌كی به‌مشێوه‌یه‌ بێته‌ به‌رده‌مى په‌رله‌مان و ئاماده‌ بكرێت بۆ ده‌نگدان، وه‌ك خۆشتان ئاگادارن كه‌ سێ خولی په‌رله‌مان هه‌وڵیان داوه‌ ئه‌م یاسایه‌ ده‌ربكه‌ن به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان نه‌یانتوانیوه‌ سه‌ركه‌وتووبن، سوپاس بۆ خوا ئێمه‌ توانیمان ڕۆڵه‌كه‌ی ئه‌وان ته‌واو بكه‌ین".
به‌مجۆره‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوو لێژنه‌ی كاروبارى یاسایی و لێژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ى زانستی، ڕاپۆرتی ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌یاساكه به‌ڕه‌چاوكردن و جێكردنه‌وه‌ى ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه له‌ دانیشتنه‌كانی پێشووتردا له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ى دووه‌می پڕۆژه‌یاساكه خرابوونه‌ڕوو، به‌ناوونیشان و مادده‌ و بڕگه‌كانى و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی، به‌جیا خرانه ده‌نگدانه‌وه و په‌سند كران، پاشان كۆی یاساكه خرایه ده‌نگدانه‌وه و به‌كۆی ده‌نگی ئه‌ندامی په‌رله‌مانى ئاماده‌بوو كه‌ (٦٧) په‌رله‌مانتار بوون په‌سند كرا.
به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، ڕایگه‌یاند: "پیرۆزبایی له‌ خۆمان و له‌ كه‌رتی په‌روه‌رده‌، له‌ قوتابییان و خوێندكاران، مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و هه‌موو ئه‌و چین و توێژانه‌ ئه‌كه‌ین كه‌ ئه‌م یاسایه‌ ئه‌یانگرێته‌وه‌". گووتیشی: "زۆر زۆر به‌ گه‌رمی ده‌ستخۆشی له‌ لێژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان ئه‌كه‌ین و سوپاستان ئه‌كه‌ین، هه‌روه‌ها سوپاسی ئه‌ندامانى به‌ڕێزی په‌رله‌مان ئه‌كه‌ین كه‌ له‌پێناوی ئه‌وه‌ی یاساكان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ كۆده‌نگی ده‌ربچن، زۆرجار به‌ گه‌وره‌یی خۆیان ته‌نانه‌ت له‌ پێشنیازه‌كانی كه‌ خۆشیان پێشكه‌شیان كردووه‌ ئه‌بوورن، سوپاسیان ئه‌كه‌م ئه‌مه‌ خاڵی جیاكه‌ره‌وه‌ى ئه‌م خوله‌ى په‌رله‌مانى كوردستانه‌ كه‌ لێژنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان متمانه‌یان پێدراوه‌ كۆبه‌ندی ڕاوبۆچوونه‌كان بخه‌نه‌ ده‌نگدان، ئه‌مه‌ گه‌وره‌یی خۆتانه‌ سوپاستان ئه‌كه‌م".
پاشان به‌پێی بڕگه‌ی یه‌كه‌م له‌ خاڵی سێیه‌مى به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ كه‌ بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ پێشنیازەیاسای پاراستنی ئاژەڵان لە هەرێمی كوردستان، ڕاپۆرتی لێژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار، كه‌ له‌لایه‌ن لێژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه‌ ڕاستاندنی بۆ كرابوو، كرایه‌ بنه‌ما بۆ گفتوگۆكردنى پێشنیازه‌یاساكه‌، به‌مجۆره‌ له‌لایه‌ن ‌لێژنه‌كه‌وه‌ ‌ناوونیشان‌ و مادده‌كانى ڕاپۆرته‌كه ‌و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنى پێشنیازه‌یاساكه‌ خوێندرانه‌وه‌ و له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ سه‌رنج و تێبینی و چه‌ندین پێشنیاز له‌سه‌ر ناوونیشان و مادده‌كان و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی پێشنیازه‌یاساكه‌ به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى ده‌خرانه ڕوو، بۆئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لیژنه‌ی تایبته‌مه‌نده‌وه‌ ڕاپۆرتی ده‌نگدانی له‌سه‌ر ئاماده ‌بكرێت.
به‌مجۆره‌ د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی به‌شی كۆتایی دانیشتنه‌كه‌ی ده‌كرد، كۆتایی به‌ دانیشتنه‌كه‌ هێنا و ڕایگه‌یاند: "سبه‌ی سه‌عات ١٠ی به‌یانی درێژه‌ به‌دانیشتنه‌كه‌مان ده‌ده‌ین".