Skip to the content
Menu

له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆدا
- خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ پێشنیازه‌یاسای به‌رده‌وامبوونی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان كرا
- یازده‌ مادده‌ی تر له‌ پڕۆژه‌یاسای په‌روه‌رده‌ و فێركارى خوێندنه‌وه‌ى دووه‌می بۆ كرا

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١٠/٦، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و ئاماده‌بوونی د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره (١٠)ی ئاسایی خولی پایزه‌ى ساڵی چوارەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، به‌ناوى خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌. پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه ‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشووی به‌ مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌ت خوێنده‌وه.
به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌، كه‌ بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ پێشنیازه‌یاسای به‌رده‌وامبوونی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق، به‌پێی بڕگه‌ی (پێنجه‌م) له‌ مادده‌ى (٧٨) و مادده‌كانى (٧٩، ٨٠) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ ده‌نگی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان، ڕاپۆرتی لێژنه‌ی كاروبارى یاسایی كرایه‌ بنه‌ما بۆ گفتوگۆكردنى پێشنیازه‌یاساكه‌، به‌مجۆره‌ له‌لایه‌ن ‌لیژنه‌كه‌وه‌ ‌ناوونیشان‌ و مادده‌كانى ڕاپۆرته‌كه ‌و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنى پێشنیازه‌یاساكه‌ خوێندرانه‌وه‌ و له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ سه‌رنج و تێبینی و چه‌ندین پێشنیاز له‌سه‌ر ناوونیشان و مادده‌كان و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی پێشنیازه‌یاساكه‌ به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى ده‌خرانه ‌ڕوو، بۆئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لیژنه‌ی یاساییه‌وه‌ ڕاپۆرتی ده‌نگدانی له‌سه‌ر ئاماده ‌بكرێت.
پێشنیازه‌یاساى به‌رده‌وامبوونی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ سێ مادده‌ و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی پێكهاتووه‌ و له‌لایه‌ن ژماره‌ى یاسایی ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ پێشكه‌ش كراوه‌، مه‌به‌ست له‌ ده‌رچوواندنیشی بۆ ڕێگریكردنه‌ له‌ دروستبوونی بۆشایی یاسایی و ده‌ستوورى و پاراستنی یه‌كڕیزیی نیشتمانی و ئاماده‌كاریی زیاتر بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، له‌به‌رئه‌وه‌ی به‌پێی یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق، ژماره‌ (١)ى ساڵی ١٩٩٢ى هه‌مواركراو، ڕۆژی ٢٠٢٢/١١/٦ ماوه‌ى خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان-عێراق كۆتایی پێدێت.
به‌پێی خاڵی دووه‌م و كۆتایی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ش، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی ئالان حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیرى په‌روه‌رده‌ و د.سه‌یوان عه‌لی، بریكارى وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به‌ڕێوه‌چوو، له‌لایه‌ن لێژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و لێژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه‌ خوێندنەوەی دووەم بۆ مادده‌كانى (١٥٦، ١٥٧، ١٥٨، ١٥٩، ١٦٠، ١٦١، ١٦٢، ١٦٣، ١٦٤، ١٦٥، ١٦٦)، له‌ پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێركاری كرا، كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ (ئه‌رك و پێكهاته‌ی وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ "وه‌زیر، بریكارى وه‌زاره‌ت و ڕاوێژكاره‌كان، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ گشتییه‌كان"، ئه‌نجوومه‌نی په‌روه‌رده‌ له‌ پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان "پێكهاته‌ و كۆبوونه‌وه‌كان، ئه‌ركه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی په‌روه‌رده‌ له‌ پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان، ئه‌ركه‌كانى ئه‌نجوومه‌نی په‌روه‌رده‌ له‌ قه‌زا").
له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی و پێشنیاز له‌سه‌ر ئه‌و ماددانه‌ و بڕگه‌كانیان بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاتریان ئه‌و ماددانه‌ و بڕگه‌كانیان ده‌خرایه‌ڕوو، بۆئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لێژنه‌ی هاوبه‌شه‌وه‌ ڕاپۆرتی ده‌نگدانى له‌سه‌ر ئاماده ‌بكرێت به‌ڕه‌چاوكردنی ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه‌.
له‌لایه‌ن وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و لێژنه‌ی تایبه‌تمه‌ندیشه‌وه‌، ڕوونكردنه‌وه‌ى پێویست له‌سه‌ر سه‌رنج و تێبینی و پرسیاره‌كانی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئه‌و ماددانه‌ و بڕگه‌كانیان خرایه‌ ڕوو.
به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به‌ دانیشتنه‌كه‌ هێنا.