Skip to the content
Menu

له دانیشتنی ئه‌مڕۆدا
- به‌ده‌نگی (٨٠) په‌رله‌مانتار یاسای به‌رده‌وامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان ده‌رچووێندرا
- خوێندنه‌وه‌ى دووه‌مى پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێركاری كۆتاییهات

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه ٢٠٢٢/١٠/٩، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و ئاماده‌بوونی د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره (١١)ی ئاسایی خولی پایزه‌ى ساڵی چوارەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌ناوى خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌. پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه ‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشووی به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌ت خوێنده‌وه.
به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌، كه بریتی بوو له دەنگدان لەسەر پێشنیازەیاسای بەردەوامبوونی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان-عێراق، به‌پێی بڕگه‌ی (پێنجه‌م) له مادده‌ى (٧٨)و مادده‌كانى (٧٩، ٨٠) له په‌یڕه‌وى ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌لایه‌ن لێژنه‌ى كاروبارى یاساییه‌وه، ڕاپۆرتی ده‌نگدان له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاساكه به‌ڕه‌چاوكردن و جێكردنه‌وه‌ى ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه‌ی له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه له‌ دانیشتنی پێشووتردا له كاتی خوێندنه‌وه‌ى دووه‌می پێشنیازه‌یاساكه خرابوونه‌ڕوو، به‌ناوونیشان و مادده‌كانى و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی به‌جیا خرانه ده‌نگدانه‌وه و په‌سند كران، پاشان كۆی یاساكه خرایه ده‌نگدانه‌وه و به‌ده‌نگی (٨٠) ئه‌ندامی په‌رله‌مان په‌سند كرا.
یاساى به‌رده‌وامبوونی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ سێ مادده‌ و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی پێكهاتووه‌ و له‌لایه‌ن ژماره‌ى یاسایی ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ پێشكه‌ش كرابوو، مه‌به‌ست له‌ ده‌رچوواندنیشی ڕێگریكردنه‌ له‌ دروستبوونی بۆشایی یاسایی و به‌رجه‌سته‌كردنی پره‌نسیپی به‌رده‌وامیی دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان-عێراق، هه‌روه‌ها گه‌ره‌نتیكردنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ گشتییه‌كان له‌ به‌رده‌وامیی پیاده‌كردنی ده‌سه‌ڵاته‌كاندا و بۆ ته‌واوكردنی ڕێكسازییه‌ یاسایی و كارگێڕی و هونه‌رییه‌كانی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكی پاك و بێگه‌رد و جێمتمانه‌ و ده‌سته‌به‌ركردنی تۆمارى بایۆمه‌تریی پاك و بێگه‌رد و ڕه‌خساندنی ژینگه‌یه‌كی سیاسیی له‌بارتر بۆ هێنانه‌دیی یه‌كڕیزی و كۆده‌نگیی نیشتیمانی له‌پێناو ده‌سته‌به‌ركردنی مافی سه‌رجه‌م هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان له‌ پیاده‌كردنی مافه‌كانی خۆپاڵاوتن و ده‌نگدان و فه‌راهه‌مكردنی هه‌لومه‌رجی ڕكابه‌ریی یه‌كسان له‌نێوان هه‌موواندا.
به‌پێی خاڵی دووه‌م و كۆتایی به‌رنامه‌ى كاری دانیشتنه‌كه‌ش، كه به‌ ئاماده‌بوونی ئالان حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیرى په‌روه‌رده و د. سه‌یوان عه‌لی، بریكارى وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده به‌ڕێوه‌چوو، له‌لایه‌ن لێژنه‌ی په‌روه‌رده و لێژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه، مادده‌كانى ( ١٦٦، ١٦٧، ١٦٨، ١٦٩، ١٧٠، ١٧١، ١٧٢، ١٧٣، ١٧٤، ١٧٥، ١٧٦، ١٧٧، ١٧٨، ١٧٩، ١٨٠، ١٨١) له پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێركاری، كه تایبه‌ت بوون به (حووكمه دارایی و گشتییه‌كان)، هه‌روه‌ها هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی پڕۆژه‌یاساكه‌ خوێندنەوەی دووەمیان بۆ كرا.
له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیشه‌وه چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی و پێشنیاز له‌سه‌ر ئه‌و ماددانه و بڕگه‌كانیان و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی، به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاتریان خرايه‌ڕوو، بۆئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لێژنه‌ی هاوبه‌شه‌وه ڕاپۆرتی ده‌نگدانى له‌سه‌ر ئاماده ‌بكرێت به‌ڕه‌چاوكردنی ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه.
لای خۆشیه‌وه‌ وه‌زیری په‌روه‌رده، به‌ناوی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌وه‌ سوپاس و پێزانینی خۆیانى ئاراسته‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و لێژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و هه‌موو ئه‌وانه‌ كرد كه‌ پشتگیریی ئه‌و پڕۆژه‌یاسایه‌یان كرد، هه‌روه‌ها سوپاسی سه‌رجه‌م ئه‌ندامانى په‌رله‌مانى كرد كه‌ به‌گفتوگۆكانیان له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا له‌كاتی خوێندنه‌وه‌ى دووه‌می پڕۆژه‌یاساكه‌دا به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى چه‌ندین سه‌رنج و تێبينی و پێشنیازیان خسته‌ڕوو، هه‌روه‌ها ڕوونكردنه‌وه‌ى پێویستیشى له‌سه‌ر سه‌رنج و تێبینی و پرسیاره‌كانی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئه‌و ماددانه و بڕگه‌كانیان كه‌ له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆدا خوێندنه‌وه‌ی دووه‌میان بۆ كرا، خسته‌ڕوو.
به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا.