Skip to the content
Menu

له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆدا
به‌ ده‌ربڕینی هاوخه‌می و ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان ڕێز له گیانی پاكی ئه‌و پێنج پێشمه‌رگەیه و سه‌رجه‌م قوربانییانی ڕووداوه‌كانی هاتووچۆ گیرا
خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ ٢٣ مادده‌ى تر له‌ پڕۆژه‌یاسای پەروەردە و فێركاری كرا

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه ٢٠٢٢/١٠/٢، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و ئاماده‌بوونی د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره (٧)ی ئاسایی خولی پایزه‌ى ساڵی چوارەم له خولی پێنجه‌می هەڵبژاردنی په‌رله‌مان بەڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌ناوى خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه دانیشتنه‌كەی كرده‌وه و له وتەیه‌كیشیدا به‌ناوی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه پرسه و سه‌ره‌خۆشی و هاوخه‌میی قووڵی خۆیانى ئاراستەی كه‌سوكارى ئه‌و پێنج پێشمه‌رگەیه كرد كه دوێنی بەڕووداوی هاتووچۆ گیانیان له‌ده‌ستدا و ڕایگەیاند: "به‌ناوی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه هاوخه‌میی قووڵی خۆمان به كه‌سوكارى ئه‌و پێنج پێشمه‌رگەیه‌ى كه دوێنێ له ڕێگەی گەڕانه‌وەیان له ئه‌ركی فه‌رمی شه‌هیدبوون ڕاده‌گەیه‌نین و هاوبه‌شی خه‌میانین، داواكارین له خوای گه‌وره ئارامی و سه‌بوورى به كه‌سوكاریان ببه‌خشێت و پێشمه‌رگه‌كانیش بخاته به‌ر ڕه‌حمه‌ت و به‌زەیی خۆی و به به‌هه‌شتی به‌رین شادیان بكات".
بۆ ڕێزلێنانیش له گیانی پاكی ئه‌و پێنج پێشمه‌رگەیه و سه‌رجه‌م قوربانییانی ڕێگاكان و ڕووداوه‌كانی هاتووچۆ، داوای له ئاماده‌بووانی دانیشتنه‌كه كرد ده‌قیقەیه‌ك به بێده‌نگی بوه‌ستن.
پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه ‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشووی به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌ت خوێنده‌وه.
به‌ر له ده‌ستكردن به به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌، ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیش وێڕای ده‌ربڕینی هاوخه‌میی خۆیان بۆ گیانله‌ده‌ستدانی ئه‌و پێنج پێشمه‌رگەیه‌، جه‌ختیان له‌سه‌ر پێویستیی جێبه‌جێكردن و ته‌واوكردنی ڕێگه سه‌ره‌كییه‌كانی نێوان پارێزگاكانی هه‌رێم و ئیداره سه‌ربه‌خۆكان كرده‌وه‌، كه ڕۆژانه به‌هۆی خراپیی ئه‌و ڕێگایانه‌وه چه‌ندین هاووڵاتی به‌هۆی ڕووداوه‌كانی هاتووچۆوه ده‌بنه قوربانی.
به‌پێی تاكه‌خاڵی به‌رنامەی كارى دانیشتنه‌كه‌، كه بریتی بوو له بەردەوامبوون لەسەر خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێركاری لە هەرێمی كوردستان، كه به ئاماده‌بوونی ئالان حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیرى په‌روه‌رده بەڕێوه‌چوو، له‌لایه‌ن لێژنەی په‌روه‌رده و لێژنەی كاروبارى یاساییه‌وه مادده‌كانی (سی و هه‌شت، سی و نۆ، چل، چل و یه‌ك، چل و دوو)، كه تایبه‌ت بوون به (قوتابخانه و خوێندنگەی تایبه‌تمه‌ند و به‌هره‌داران، وه‌رگرتنى منداڵان و قوتابییان و خوێندكاران، قوتابی و خوێندكارى گەڕاوه له ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم، مافی گواستنه‌وه‌ى قوتابیان و خوێندكاران، كار و ڕه‌فتاره ڕێپێنه‌دراوه‌كان)، خوێندنه‌وه‌ى دووه‌میان بۆ كرا و له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیشه‌وه چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی و پێشنیاز له‌سه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌و ماددانه و بڕگه‌كانیان خرانەڕوو به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى پڕۆژەیاساكه‌، بۆئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لێژنه‌ى هاوبه‌شه‌وه ڕاپۆرتی ده‌نگدانى له‌سه‌ر ئاماده ‌بكرێت بەڕه‌چاوكردنی ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه.
له‌لایه‌ن وه‌زیری په‌روه‌رده و لێژنه‌ی تایبه‌تمه‌ندیشه‌وه ڕوونكردنه‌وه‌ى پێویست له‌سه‌ر سه‌رنج و تێبینی و پرسیاره‌كانی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئه‌و ماددانه و بڕگه‌كانیان خرایەڕوو.
به‌مجۆره‌ د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی به‌شی كۆتایی دانیشتنه‌كه‌ی ده‌كرد، كۆتایی به‌ به‌شی یه‌كه‌می دانیشتنه‌كه‌ هێنا و ڕایگه‌یاند: "سه‌عات ٢:٣٠ى پاشنیوه‌ڕۆ درێژه‌ به‌دانیشتنه‌كه‌مان ده‌ده‌ین.
سه‌عات ٢:٣٠ى پاشنیوه‌ڕۆ به‌شی دووه‌می دانیشتنه‌كه‌، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان ده‌ستیپێكرد و له‌لایه‌ن لێژنه‌ی هاوبه‌شه‌وه‌ مادده‌كانی (چل و سێ، چل و چوار، چل و پێنج، چل و شه‌ش، چل و حه‌فت، چل و هه‌شت، چل و نۆ، په‌نجا، په‌نجا و یه‌ك، په‌نجا و دوو، په‌نجا و سێ، په‌نجا و چوار، په‌نجا و پێنج، په‌نجا و شه‌ش، په‌نجا و حه‌فت، په‌نجا و هه‌شت، په‌نجا و نۆ، شه‌ست)، كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ (كار و ڕه‌فتاره ڕێپێنه‌دراوه‌كان، ژماره‌ى بازنه‌، قۆناغ و پۆل، ته‌لار و كتێبخانه له دامه‌زراوه‌كاندا، ئه‌نجوومه‌نی به‌خێوكارانی قوتابیان و دیدارى گه‌شه‌، تۆماره‌كانی دامه‌زراوه‌ حكوومییه‌كان، چێشتخانه‌ و فرۆشگه‌ له‌ دامه‌زراوه‌ حكوومییه‌كاندا، دامه‌زراوه‌ حكوومییه‌ هاوبه‌ش و پشتیوانكراو و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، قوتابخانه‌ و خوێندنگه‌ی ئێواران-خوێندنی ناپه‌یڕه‌وكراو و تاقیكردنه‌وه‌ى ده‌ره‌كی، خوێندنی خێرا، ئاسته‌كانی خوێندنی خێرا، نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌وارى)، خوێندنه‌وه‌ى دووه‌میان بۆ كرا و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیش سه‌رنج و تێبینیی خۆیان له‌سه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌و ماددانه‌ و بڕگه‌كانیان خسته‌ڕوو و چه‌ندین پێشنیازیشیان به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى پڕۆژه‌یاساكه‌ خسته‌ به‌رده‌م لێژنه‌ی هاوبه‌ش بۆئه‌وه‌ى ڕاپۆرتی ده‌نگدانى له‌سه‌ر ئاماده ‌بكرێت به‌ڕه‌چاوكردنی ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه‌.
له‌لایه‌ن وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و لێژنه‌ی تایبه‌تمه‌ندیشه‌وه‌ ڕوونكردنه‌وه‌ى پێویست له‌سه‌ر سه‌رنج و تێبینی و پرسیاره‌كانی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئه‌و ماددانه‌ و بڕگه‌كانیان خرایه‌ ڕوو.
به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان كۆتایی به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا.