Skip to the content
Menu

د.هێمن هه‌ورامی پێشوازی له‌ میری ئێزدییان كرد

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١٠/٢٣، د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازی له‌میر حازم میرته‌حسین به‌گ میری ئێزدییان كرد.
له‌دیداره‌كه‌دا، كه‌ زانا مه‌لا خالید سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان و مەحما خەلیل ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماده‌بوون، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسی له‌پێگه‌ی مێژووی ئێزیدییه‌كان وه‌ك پێكهاته‌یه‌كی ئاینی ڕه‌سه‌نی نه‌ته‌وه‌كه‌مان كرد، و جه‌ختیشی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم، به‌رده‌وام پاڵپشتی داواكاری و خواستی ئێزدییه‌كان ده‌بن.
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی دیداره‌كه‌دا، د.هێمن هه‌ورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی له‌وه‌كرد كه‌ پێویسته‌ ئێزدییه‌كان وه‌ك پێكهاته‌ی ڕەسه‌نی نه‌ته‌وه‌ی كورد ماف و خواسته‌كانیان له‌به‌رچاو بگیردرێن و له‌چوارچێوه‌ی بنه‌ما یاسایی و ده‌ستوورییه‌كانیشدا نوێنه‌رانیان بۆ په‌رله‌مان و حكومه‌ت ده‌ست نیشان بكرێن.
له‌به‌رامبه‌ریشدا، میر تحسین حازم ته‌حسین به‌گ میری ئێزدییان، سوپاسی هه‌ڵوێستی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كرد، و ڕایگه‌یاند: ئێزدییه‌كان شانازی به‌ په‌رله‌مانی كورستان ده‌كه‌ن و هه‌میشه‌ په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێم پاڵپشت و داكۆكیكاری ماف و داخوارزییه‌كانی ئێزدییه‌كان بوون.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، میری ئێزدییان داوای له‌ جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد كه‌ له‌بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ست به‌ ئێزدییه‌كان له‌پرۆسه‌ی یاسادانان، هاوكار و پشتیوانی مافی ئێزدییه‌كان بن.