Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ ئه‌نجوومه‌نی باڵای خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان كرد

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١٠/٢٥، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، پێشوازیی له‌ ئه‌نجوومه‌نی باڵای خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان كرد.
له‌ دیدارێكدا باس له‌ ماف و ئیمتیازاتی خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان كرا و د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، ڕایگه‌یاند: "په‌رله‌مانی كوردستان گرنگییه‌كی زۆرى به‌ پاراستنی مافی خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان داوه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ ده‌رچوون، به‌تایبه‌ت یاسای ماف و ئیمتیازاتی خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان".
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌، ئه‌نجوومه‌نی باڵای خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان، باسیان له‌ پڕۆژه‌یاسای په‌روه‌رده‌ و فێركردن كرد، كه‌ ئێستا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده‌كارى بۆ خوێندنه‌وه‌ى سێیه‌می و ده‌نگدان له‌سه‌رى ده‌كرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ چه‌ند داواكارییه‌كیان خسته‌ به‌رده‌م سه‌رۆكی په‌رله‌مان، له‌وانه‌ ڕه‌چاوكردنی مافی قوتابییانی خاوه‌ن پێداویستیی تایبه‌ت له‌ پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێركردندا و فه‌راهه‌مكردنی ئه‌و پێداویستییە ھاوچەرخانەی كه‌ بۆ ئه‌و توێژه‌ پێویستن لە پرۆسه‌ی خوێندندا، هه‌روه‌ها جێگیركردنی ئه‌و مافانه‌ له‌و پڕۆژه‌یاسایه‌دا.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌ستخۆشیی لێكردن كه‌ توانیویانه‌ ئه‌و ئه‌نجوومه‌نه‌ پێكبهێنن، چونكه‌ ئه‌و ڕێكخراوانه‌ ئه‌مانجه‌كانیان هاوبه‌شه‌، هه‌روه‌ها پێی ڕاگه‌یاندن پێویسته‌ ڕێكخراوه‌كانی دیكه‌ش هانبده‌ن كه‌ ئه‌نجوومه‌نی له‌و شێوه‌یه‌ پێكبهێنن.
له‌ به‌رامبه‌ردا شاندی میوان ستایشی ڕۆڵی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانیان كرد كه‌ له‌ ده‌ركردنی ئه‌و یاسایانه‌ی له‌ په‌رله‌مان ده‌رچوون و تایبه‌تن به‌خاوه‌ن پێداویستییه‌ تایبه‌ته‌كان، هه‌میشه‌ له‌ خه‌می پاراستنی مافه‌كانیاندا بووه‌.