Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق كرد

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١٠/١٨، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ مارك برایسۆن ڕیچاردسۆن، باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق كرد.
له‌ دیدارێكی نێوانیاندا كه‌ ده‌یڤد هه‌نت، كونسوڵی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ریان ئاماده‌ی بوون، چه‌ند پرسێكی هه‌نووكه‌یی باسیان لێوه‌ كرا، له‌وانه‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان، پرسی مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادییه‌ گشتییه‌كان. له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م دواكه‌وتنی پرۆسه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانى كوردستانی له‌كاتی خۆیدا بۆ شاندی میوان شی كرده‌وه‌.
له‌باره‌ى پرسی مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادییه‌ گشتییه‌كانیش، د. ڕێواز فائق، بایه‌خ و گرنگیی ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستاندا ده‌رچوون بۆ پارێزگاریكردن له‌ ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ری، مافه‌كانی مرۆڤ و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی خێزان و منداڵ بۆ شاندی میوان باس كرد.
هه‌روه‌ها تیشكی خسته‌سه‌ر چه‌ند بابه‌تێكی په‌رله‌مانی و پوخته‌یه‌كیشی له‌مه‌ڕ دانیشتنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی په‌رله‌مان خسته‌ڕوو، كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ پڕۆژه‌یاسای په‌روه‌رده‌ و فێركردن له‌ هه‌رێمی كوردستان، هاوكات باسی ئه‌و یاسایانه‌شی كرد كه‌ له‌م وه‌رزدا ده‌خرێنه‌ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كانى په‌رله‌مان، له‌وانه‌ یاسای كار، یاسای خانه‌نشینیی كه‌رتی تایبه‌ت، كه‌ هه‌ردوو یاساكه‌ زه‌مینه‌سازی ده‌ڕه‌خسێنن بۆ هاندان و كاركردن له‌ كه‌رتی تایبه‌تدا.