Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیی له‌ كونسوڵی گشتیی نوێی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١٠/١١، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ ئێرڤن هیكس جونیه‌ر، كونسوڵی گشتیی نوێی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌ دیدارێكی نێوانیاندا، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای پیرۆزباییكردن له‌ ئێرڤن هیكس جونیه‌ر، كونسوڵی گشتیی نوێی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ ئه‌ركه‌ تازه‌كه‌یدا، خۆشحاڵیی خۆی به‌و سه‌ردانه‌یان و له‌ نزیكه‌وه‌ ناسینیان ده‌ربڕی و هیوایشی خواست له‌ ئاینده‌دا بتوانن گه‌شه‌ی زیاتر به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوانیان بده‌ن، هه‌روه‌ها سوپاسی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكای كرد كه‌ له‌ ڕابردوودا ڕۆڵێكی به‌رچاو و كاریگه‌ری بینیوه‌ له‌ پاراستن و پشتیوانیكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕووی سه‌ربازی و هاوكاریكردنی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعشدا.
دواتر گفتوگۆی تێروته‌سه‌ل له‌باره‌ی ئازادییه‌ گشتییه‌كان، ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ری و ڕه‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ گشتی كرا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند: "په‌رله‌مانی كوردستان خاوه‌نی چه‌ندین یاسای گرنگ و ده‌وڵه‌مه‌نده‌ له‌ ڕووی پاراستنی مافه‌كانی مرۆڤ و ئازادییه‌ گشتییه‌كان، له‌وانه‌ش یاسای ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندوتیژیی خێزانی كه‌ یاسایه‌كی كه‌موێنه‌یه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا به‌ گشتی، هاوكات یاسای ڕۆژنامه‌گه‌ری، یاسای مافی به‌ده‌ستهێنانی زانیاری و یاسای خۆپێشاندان، له‌و یاسا گرنگانه‌ن كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان شانازییان پێوه‌ ده‌كات".
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی گفتوگۆكاندا باسی دۆخی سیاسیی عێراق و ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌ی سیاسی و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق كرا، له‌و باره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان گووتی: "چه‌قبه‌ستوویی دۆخی سیاسیی عێراق كاریگه‌ریی نه‌رێنیی كردۆته‌ سه‌ر تێكڕای سێكته‌ره‌ جیاوازه‌كانی ژیان، نا سه‌قامگیریی هه‌لومه‌رجی سیاسی سه‌رجه‌م جومگه‌كانی ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابووری و سیاسیی گرتۆته‌وه‌، عێراق له‌به‌رده‌م تاقیكردنه‌وه‌یه‌كی قورسدایه‌، پێویسته‌ له‌سه‌ر لایه‌نه‌ سیاسییه‌ ناكۆكه‌كان سازش بۆ یه‌كتری بكه‌ن، له‌پێناو گه‌یشتن به‌ كه‌ناری ئارامی و ده‌ربازكردنی خه‌ڵك له‌م دڵه‌ڕاوكێ و بێئومێدییه‌ی كه‌ تێیی كه‌وتوون".
سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان ڕوونیشی كرده‌وه‌ كه‌ به‌شێكی زۆری هاوكێشه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیش وابه‌سته‌ی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراق و ڕێككه‌وتنی لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌ له‌ به‌غدا.
لای خۆیه‌وه‌ ئێرڤن هیكس، كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان، سوپاسگوزاریی خۆی پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی و خستنه‌ڕوو و شیكردنه‌وه‌ی بابه‌ته‌ هه‌مه‌لایه‌نه‌كان.
له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا، هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگیی گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان و هاوئاهه‌نگیی زیاتری نێوانیان كرده‌وه‌.