Skip to the content
Menu

د. ڕێواز فائق پێشوازیی له‌ سه‌رۆكی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و به‌رگریی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی فه‌ره‌نسا كرد

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١٠/٢، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ سیناتۆر كریستیان كامبۆر، سه‌رۆكی لێژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ و به‌رگریی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی فه‌ره‌نسا كرد.
له‌ دیدارێكی نێوانیاندا كه‌ كونسوڵی گشتیی فه‌ره‌نسا ئۆلیڤیێ دیكۆتینێ و شاندێكی یاوه‌ریان ئاماده‌یبوون، باس له‌ چه‌ندین پرسی گرنگ و تایبه‌ت به‌ كاری په‌رله‌مانی، ئازادییه‌ گشتییه‌كان، مافی مرۆڤ و پێكه‌وه‌ژیانی سه‌رجه‌م ئاین و نه‌ته‌وه‌ جیاوازه‌كان به‌ یه‌كسانی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا كرا.
دواتر سیناتۆر كریستیان كامبۆر، ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌یانی بۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕوونكرده‌وه‌ كه‌ بۆ گه‌شه‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌ په‌رله‌مانییه‌كان و هاوئاهه‌نگیی دیپلۆماسیی زیاتری نێوان هه‌ردوولا و ئاڵوگۆڕی ئه‌زموون و شاره‌زایی لێژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی فه‌ره‌نسا-یه‌.
لای خۆیه‌وه‌ د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، ڕایگه‌یاند: "گه‌لی ئێمه‌ شانازییه‌كی گه‌وره‌ به‌و په‌یوه‌ندییه‌ مێژووییانه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ ڕابردوودا له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت و گه‌لی فه‌ره‌نسادا هه‌یبووه‌ له‌ كاته‌ خۆش و ناخۆشه‌كاندا، به‌تایبه‌ت پشتیوانییه‌كانی خاتوو میتران له‌ دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌ بۆ ئێمه‌ مێژوویه‌كی دره‌وشاوه‌یه‌ و گه‌لی ئێمه‌ هه‌رگیز له‌ یادی ناكات".
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ستایشی ڕۆڵی حكوومه‌تی فه‌ره‌نسای كرد له‌ پشتیوانیكردنی هه‌رێمی كوردستان له‌ شه‌ڕی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش، هاوكات پوخته‌یه‌كیشی له‌باره‌ی ماف و ئازادییه‌ گشتییه‌كان، پرسی ژنان و چه‌ندین بابه‌تی دیكه‌ى په‌یوه‌ست به‌ مافی مرۆڤ و پێكه‌وه‌ژیانی نێوان پێكهاته‌كان بۆ شاندی مێوان خسته‌ڕوو.
له‌ به‌رامبه‌ردا سیناتۆر كریستیان كامبۆر، به‌ بایه‌خه‌وه‌ ڕۆڵی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی هه‌ڵسه‌نگاند و ڕایگه‌یاند: "ئه‌وان له‌ نزیكه‌وه‌ چاودێریی هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌ن له‌ داكۆكیكردن له‌ ئازادیی ڕۆژنامه‌گه‌ری و مافه‌كانی ژنان و پاراستنی مافی پێكهاته‌كان". وه‌ك ده‌ربڕینێكیش بۆ هه‌ڵوێسته‌ جوانه‌كانی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان سیناتۆر كریستیان كامبۆر میدالیای سیناتی فه‌ره‌نسای پێشكه‌ش به‌ د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان كرد.