Skip to the content
Menu

لێژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌ وگه‌یاندن و گه‌شتوگوزار كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆ كردن له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ندیدار به‌كاروباری لێژنه‌، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١٠/٥، لێژنه‌ی شاره‌وانی وگواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار، به‌سه‌رپه‌رشتی لوقمان وه‌ردی سه‌رۆكی لێژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگر وبڕیارده‌ر و ئه‌ندامانی لێژنه‌کە كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجامدا.

له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر داواكارییه‌كی هاوبه‌شی هه‌رسێ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی هه‌ولێر و سلێمانی و دهۆك، كه‌ داوا ده‌كه‌ن یاسای ژماره‌ ٧ی ساڵی ٢٠٢١ كه‌ یاسای به‌خاوه‌نكردنی ئه‌و زه‌ویانه‌یه‌ كه‌ له‌سنوری شاره‌وانییه‌كان زیاده‌ڕۆییان كراوه‌ته‌ سه‌ر هه‌موار بكرێته‌وه‌، بۆ ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی نه‌یانتوانیوه‌ مامه‌ڵه‌كانیان ته‌واو بكه‌ن یاخود تا ئێستا مامه‌ڵه‌كانیان پێشكه‌ش نه‌كردووه‌ له‌ داهاتوودا سوودمه‌ند بن له‌م یاسایه‌، سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لێژنه‌کە پشتگیری داواكارییه‌کەیان كرد و بریاریاندا ڕێكاری په‌یڕه‌وی دبگرنه‌ به‌ر بۆ ئه‌م پرسه‌.

له‌به‌شێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، گفتوگۆ كرا له‌سه‌ر ئه‌و زنجیره‌ سه‌ردانه‌ی كه‌ لێژنه‌كه‌ بۆ پارێزگا و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامییان دابوو، به‌ مه‌به‌ستی له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ كاروباری شاره‌وانییه‌كان و كێشه‌ و كه‌م و كوڕییه‌ جۆراوجۆره‌كانی فه‌رمانگه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ لێژنه‌، بڕیاردرا ڕاپۆرتێكی گشتگیر له‌ ده‌ره‌نجامه‌كانی ئه‌م سه‌ردانانه‌ ئاماده‌بكرێت و ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكرێت، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ دانشتنێكی په‌رله‌ماندا به‌ئاماده‌بوونی وه‌زیری شاره‌وانی و گه‌شتوگوزار ئه‌م بابه‌تە گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت و بڕیاری پێویستی له‌سه‌ر بدرێت.