Skip to the content
Menu

لێژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ ڕاپۆرت بۆ خوێندنه‌وه‌ى دووه‌می پڕۆژه‌یاسای كار ئاماده‌ دەكات

بەمەبەستی وەرگرتنی ڕاو سەرنج و تێبینی و پێشنیازى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌رباره‌ى پڕۆژەیاسای كار لە هەرێمی كوردستاندا، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٢/١٠/٢٠َِِ، لێژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ، به‌سه‌رپه‌رشتیی ڕۆمیۆ هەكاری، سەرۆكی لێژنه‌ و ئامادەبوونی هیمداد سه‌باح بیلال، ئه‌ندامی لێژنه‌ و ڕاوێژكاری لێژنەكه‌، پێشوازیی لە سەرۆكی ڕێكخراوی ناوەندی هەماهەنگیی ئەمریكی و ژمارەیەك لە ڕاوێژكارانی یاسایی و سەرۆكی نووسینگەی ڕاپەڕاندنی یەكێتیی سەندیكاكانی كرێكاران لە هه‌رێمی كوردستان كرد.
لە كۆبوونەوەیه‌كدا، گفتوگۆی ورد لەسەر هەندێ لە بڕگە و ماددەكانی پڕۆژەیاسای كار كرا و دوای بیروڕا گۆڕنه‌وه‌ هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پاراستی مافی كرێكاران و خاوەنكاران لەناو پڕۆژەیاساكەدا و له‌لایه‌ن لێژنه‌كه‌شه‌وه‌ سەرجەم سەرنج و تێبینی و پێشنیازەكان وەرگیران بەمەبەستی سوودوەرگرتن لێیان بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی پڕۆژه‌یاساكه‌، هەروەها پێشنیاز كرا وێركشۆپێكى تایبەت بەئامادەبوونی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكان له‌سه‌ر پڕۆژەیاساكە ئەنجام بدرێت.
بڕیارە لە ماوەیەكی نزیكدا لێژنەكەی پەرلەمان بەسەرپەرشتی و ئامادەبوونی سەرۆكی پەرلەمانى كوردستان كۆبوونەوەیەكی تایبەت لەسەر پڕۆژەیاساكە ئەنجام بدات بەمەبەستی دەوڵەمەندكردنی و نووسینی ڕاپۆرتی لێژنەكه‌ و دواتر ئاراستەكردنی بۆ دەستەی سەرۆكایەتیی بۆئه‌وه‌ى بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان و خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت.