Skip to the content
Menu

لێژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك ڕێكخراوی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی كۆبووه‌وه‌

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر هه‌مواری یاسای ڕێکخستنی خۆپیشاندان له‌ هه‌رێمی كوردستان، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١٠/١٧، لێژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان، به‌سه‌رپه‌رشتیی جه‌لال په‌رێشان، جێگری سه‌رۆكی لێژنه‌ و ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامان و ڕاویِژكارانی لێژنه‌كه‌،  له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و ستافی ژماره‌یه‌ك له‌ ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی كۆبووه‌وه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، شاندی میوان ئاماژەیان بەوەدا كه‌ ئه‌وان خه‌ریكی ئاماده‌كردنی ڕه‌شنووسی هه‌مواری یاسای ژماره‌ ١١ی ساڵی ٢٠١٠، یاسای ڕێكخستنی خۆپیشاندانن له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا سه‌رنج و تێبینیی خۆیان له‌سه‌ر به‌شێك لە مادده‌ و بڕگەکانی ناو یاساكه‌ خسته‌ڕوو و ڕایانگه‌یاند كه‌ ئه‌و یاسایه‌ پێویسته‌ هه‌موار بكرێته‌وه‌.
له‌ به‌رامبه‌ردا لێژنه‌كه‌ى په‌رله‌مان پشتیوانیی خۆیان بۆ داواكارییه‌كانیان خسته‌ڕوو و ڕایانگه‌یاند: "بابه‌تی خۆپیشاندان و داواكاریی ماف و ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی، یه‌كێكه‌ له‌ مافه‌ سه‌ره‌تاییه‌كانی هاووڵاتییان و پێویسته‌ ئه‌و مافه‌یان پێبدرێت".
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش داوایان له‌ شاندی میوان كرد كه‌ كۆبوونه‌وه‌ی زیاتری ڕاوێژكاری له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ ئه‌نجام بده‌ن بۆئه‌وه‌ی هه‌مواركردنی یاساكه‌ به‌بێ كه‌م و كورتی بچێته‌ پێشه‌وه‌.