Skip to the content
Menu

لێژنه‌ی شه‌هیدان له‌ هه‌وڵه‌كانی بۆ پرسی به‌جینۆسایدناساندنی ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه‌ به‌سه‌ر گه‌لی كوردستاندا هاتوون به‌رده‌وامه‌

له‌ درێژه‌ی هه‌وڵه‌ به‌رده‌وامه‌كانى لێژنه‌كه‌ بۆ چۆنیەتیی به‌جینۆسایدناساندنی ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه‌ به‌سه‌ر گه‌لی كوردستاندا هاتوون، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٢/١٠/٢٥، لێژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانییانی سیاسی، بەسەرپەرشتیی سوسن محەمەد میرخان، سەرۆكی لێژنه‌ و ئامادەبوونی جێگرى سه‌رۆكی لێژنه‌ و بڕیاردەر و ژماره‌یه‌ك له‌ ئەندامانى و راوێژكارانى لێژنەكە كۆبووه‌وە.
لە كۆبوونەوەكەدا، سه‌ره‌تا پێداچوونەوەیەك بە كار و چالاكییەكانی لێژنەكە كرا، پاشان ئەنجامی كۆبوونەوەی لێژنەكه‌ لەگەڵ وەزیرانی (داد، كاروباری شەهیدان، هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان)و ڕاوێژكارانی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی هەرێم، تاووتوێ‌ كرا.
لە كۆتایی كۆبوونەوەكەشدا، تاووتوێی چۆنیەتیی كاركردن لەسەر پرسی به‌جینۆسایدناساندنی ئه‌و ڕووداوانه‌ی كه‌ به‌سه‌ر گه‌لی كوردستاندا هاتوون كرا و جه‌خت له‌سه‌ر گرنگیدانى زیاتر بە پرسه‌كه‌ و كاركردن لەسەری لەسه‌ر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا كرایه‌وه‌.