Skip to the content
Menu

پەیامی د. ڕێواز فائق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بەبۆنەی پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرۆک مام جەلال

لە پێنجەمین ساڵوەگەڕی کۆچی دوایی سەرۆك مام جەلال، سەرکردەی ناوازە و ڕابەری گەورەی گەلەکەمان، سەری ڕێز و وەفا دائەنەوێنین و بە چەپکەگوڵی شکۆ و شانازییەوە ئەم یادەوەرییە بە بەرزی ڕائەگرین و بە دەرفەتیشی ئەزانین کە ڕوانگەی سەرۆك بۆ دەسپێشخەریی ئازایانە لە چارەسەرکردنی کێشە و گرفتەکان و حیکمەتی دانسقەیان لە لێکترنزیكکردنەوەی ڕەوت و لایەنە سیاسییە جیاواز و دژبەرەکان بە بیری ڕای گشتیی عێراق و کوردستان بهێنینەوە.
لەم سۆنگەیەشەوە ئێمە پابەندیی خۆمان بە ڕێباز و فەلسەفەی میانڕەوانەی ڕەوانشاد سەرۆك مام جەلال دووپات دەكەینەوە و ئیلهام لە دانایی و لێهاتووییان لە کردنەوەی گرێ ئاڵۆزەکانی ژیانی سیاسی و گشتیدا وەرئەگرین.
سەرۆك مام جەلال ڕاستگۆیانە دیالۆگی بونیادنەرانەی وەك گونجاوترین بژاردە پیادە ئەکرد و ڕەگەز و فاکتەرەکانی سەرکەوتنی گفتوگۆی بەکردەوە فەراهەم ئەکرد، لە ڕێگەی لەخۆبووردوویی، بەرجەستەکردنی پرەنسیپی سازشكردن لەپێناو بەرژەوەندییە نەتەوەیی و نیشتمانییە باڵاکان و یەكلاییكردنەوەی پرسە چارەنووسسازەکان بە سازان و چەمكی چەپكەگوڵەكە.
هاوکات ئەو بوێرییەی كە لە قبووڵکردنی ڕەخنە و پێویستیی بەخۆداچوونەوە و پاراستنی ماف و ئازادییە گشتییەکان و پشتیوانیی داخوازییەکانی ژنان كه‌ لای مام هەبوو، هێندە کەم وێنەیە کە دووبارەبوونەوەی تەواو ئەستەمە و کەلێنێکە هەرگیز پڕ نابێتەوە.
ھەر بەرز و شكۆدار بێت یاد و یادەوەریی سەرۆك مام جەلال.
د. ڕێواز فائق
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
٢٠٢٢/١٠/٣