Skip to the content
Menu

په‌یامی د. ڕێواز فائق سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان له‌ ساڵیادی بڕیاردان و ڕاگەیاندنی فیدڕاڵی

ئەمڕۆ (٣٠) سی ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر بڕیاردان و ڕاگەیاندنی فیدڕاڵی لە پەرلەمانی كوردستان، بڕیاری ژمارە (٢٢)ی ساڵی ١٩٩٢. دەرچوواندنی ئەم بڕیارە مێژووییە لە ھەلومەرجێكی ھەستیار و تەژی لە تێكئاڵۆزكانی بارودۆخی سیاسی و دژوار، جگە لەوەی دەستپێشخەری و ئایندەبینییەكی زۆر گەشاوە و پڕ لە ئومێدی قۆناغەكە بوو بۆ بەدیھێنانی ماف و خواستە دیموكراسییەكانی میللەتەكەمان، ھاوكات دەست بۆبردنێكی سیاسییانەی پڕ لە دانایی و بوێریی سەركردایەتیی سیاسی و پەرلەمانی كوردستانیشە، وه‌ك ده‌ستكه‌وت و به‌رهه‌می خه‌بات و تێكۆشانی درێژخایه‌نی گه‌له‌كه‌مان. بەتایبەت كە لەدوای پرۆسەی ئازادیی عێراق بەكردەیی ئامانجە نەخشە بۆكێشراوەكە و ڕەھەندە دەستوورییەكانی سەركەوتووانە بەدی ھات، وەك یەكێك لە چارەسەرە دیموكراسییە ھەرە گونجاوەكان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراق، ھاوشێوەی وڵاتانی پێشكەوتوو و خاوەن یەكێتیە فیدڕاڵییەكان. ئەمەش دووبارە ئیرادە و خۆڕاگریی گەلەكەمانی بەرامبەر پرسە چارەنووسسازەكان و پێداگریی سەركردایەتیی كوردی بە جۆش و خرۆش خستەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، بەدیھێنانی ویست و داخوازییە ڕەواكانی گەلەكەمان، لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا و ڕێسا فیدڕاڵییە كارپێكراوەكان بەپێی پەیماننامە جیھانییە پیادەكراوەكان.
پیرۆزبێت ساڵیادی ڕاگەیاندنی بڕیاری فیدڕاڵی، سەركەوتن و سەرفرازی بۆ خەڵكی كوردستان.
د. ڕێواز فائق
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان