Skip to the content
Menu

په‌رله‌مانى كوردستان ده‌چێته‌ ناو توێژینه‌وه‌كانى جیهان

به‌مه‌به‌ستی ناساندنى سێ توێژینه‌وه‌ و سێ نامیلكه‌ ڕێبه‌رى بۆ كارى په‌رله‌مانى، پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١٠/١٨، به‌ئاماده‌بوونى د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان و د. هێمن هه‌ورامى، جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چى، سكرتێرى په‌رله‌مان، مه‌ڕاسیمێك به‌ڕێوه‌چوو.
له‌و مه‌ڕاسیمه‌دا كه‌ هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌رده‌لان محه‌مه‌د سه‌رسپى، سه‌رۆكى دیوانى په‌رله‌مان و په‌رله‌مانتاران و ڕاوێژكاران ئاماده‌ی بوون، فوئاد ئه‌حمه‌د، به‌ڕێوه‌به‌رى سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان ڕایگه‌یاند: "سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ سێ توێژینه‌وه‌ ده‌رباره‌ى كارى په‌رله‌مانى و سێ نامیلكه‌ڕێبه‌رى بۆ كارى په‌رله‌مانى كه‌ له‌لایه‌ن په‌یمانگه‌ى نیشتمانیى دیموكراتى (NDI)ى ئه‌مریكى بۆ یه‌كه‌مجار به‌ زمانى كوردى له‌ پاڵ (50) زمانى ترى جیهان بڵاو ده‌كاته‌وه‌.
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ توێژینه‌وه‌كان له‌لایه‌ن ڕاوێژكاران د. عوسمان عه‌لى و هیوا حامد و مه‌جید ساڵح، ئاماده‌ كراوه‌ به‌ناونیشانه‌كانى (خاڵى په‌یڕه‌وى له‌ كارى په‌رله‌مانیدا، مافى به‌ده‌ستهێنانى زانیارى له‌ هه‌رێمى كوردستان، ڕێكخستنى یاسای پێگه‌ى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان)، ناونیشانى ڕێبه‌ره‌كانیش كه‌ په‌یمانگه‌ى نیشتمانیى دیموكراتى ئاماده‌ى كردووه‌ بریتین له‌ (ڕێبه‌رى جێبه‌جێكردنى به‌رنامه‌ى تایبه‌ت به‌ یاسادانان) و (ڕێبه‌رى شیكردنه‌وه‌ى یاسادانان چۆنیه‌تیى خوێندنه‌وه‌ى پڕۆژه‌یاساكان به‌شێوه‌یه‌كى ڕه‌خنه‌گرانه‌ و لێژنه‌كان له‌ ئه‌نجوومه‌نى یاساداناندا، دابه‌شكردنى كار).
پاشان له‌ وتارێكیدا د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان، ده‌ستخۆشیى له‌ سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ و په‌یمانگه‌ى نیشتمانیى دیموكراتى و توێژه‌ران و ته‌واوى ڕاوێژكاران كرد بۆ ماندبوون و ئاماده‌كردنى نامیلكه‌كان و توێژینه‌وه‌كان، باسى له‌وه‌ش كرد كه‌ جێگه‌ى خۆشحاڵییه‌ په‌رله‌مانى كوردستان ده‌چێته‌ ناو توێژینه‌وه‌كانى جیهان، ئه‌مه‌ش ده‌ستكه‌وته‌ هیوادارم بتوانن له‌ ئاماده‌كردنى ڕێبه‌ره‌كان ده‌وڵه‌مه‌ندیان بكه‌ن و دیاریكردنى ئه‌و خاڵانه‌ى كه‌ په‌رله‌مان چى پێویسته‌ تا سه‌ركه‌وتووبێت.
د. ڕێواز فائق گووتى: "ئێمه‌ له‌ سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مان پشت به‌ تواناكانى ڕاوێژكاران ده‌به‌ستين، كه‌ ڕه‌نگه‌ له‌ هیچ دامه‌زراوه‌یه‌كى تر به‌م شێوه‌یه‌ نه‌بێت، ئه‌مه‌ بۆ ته‌واوى فه‌رمانبه‌ره‌كانیشمانه‌ له‌ بواره‌ جیاوازه‌كاندا".
ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا كه‌ ڕاوێژكاران ته‌واو هاوكاریى سه‌رۆكایه‌تى و لێژنه‌كان و فراكسیۆنه‌كان بوونه‌ له‌وه‌ى كه‌ شێوازێك و ڕوانگه‌یه‌تى تر بۆ ڕاوێژكاره‌ په‌رله‌مانییه‌كانى كوردستان دروست ببێ.
له‌ به‌شێكى دیكه‌ى قسه‌كانیدا، سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كرد كه‌ له‌ڕێگه‌ى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى ڕاگه‌یاندنى په‌رله‌مانى كوردستان له‌و ڕۆژه‌وه‌ى كه‌ یاساى مافى به‌ده‌ستهێنانى زانیارى ده‌رچووه‌ بانكى زانیاریمان كردۆته‌وه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ تاوه‌كو ئێستا هیچ كه‌سێك داواى زانیاریى نه‌كردووه‌، واته‌ هاووڵاتییان و وه‌رگران و ئه‌وانه‌ى یاسا له‌ به‌رژه‌وه‌ندییان ده‌رده‌چێت نه‌یانتوانیوه‌ سوودى لێ وه‌ربگرن.
دواتر ستیڤ دریهاوس، به‌ڕێوه‌به‌رى په‌یمانگه‌ى نیشتمانیى دیموكراتى له‌ عێراق له‌ وته‌یه‌كیدا سوپاسى هه‌مووانى كرد و ڕایگه‌یاند: "په‌یمانگه‌كه‌مان له‌ سه‌رتاسه‌رى جیهان توێژینه‌وه‌ و نامیلكه‌ى زۆریان هه‌یه‌ و پێشكه‌شى كۆمه‌ڵگه‌كانى ده‌كه‌ن و پاڵپشتیى دامه‌زراوه‌كانى یاسادانان ده‌كه‌ن".
به‌ڕێوه‌به‌رى په‌یمانگه‌ى نیشتمانیى دیموكراتى ئه‌وه‌شى ڕاگه‌یاند كه‌ په‌رله‌مانى كوردستان له‌ سه‌رتاسه‌رى جیهان تاكه‌ په‌رله‌مانه‌ به‌ كوردى قسه‌ بكات، ئه‌مه‌ش گرنگییه‌كى زۆرى هه‌یه‌.
شایه‌نی گووتنه‌ لە ئەنجامدانی توێژینەوه‌کان لەسەر پەرلەمانەکانی دونیا، ڕای پەرلەمانی کوردستانیش وەرگیراوە کە بۆ یەکەمین جارە ناوی پەرلەمانی کوردستان دەچێتە ناو توێژینەوە جیهانییەکان.
له‌ كۆتایی مه‌ڕاسیمه‌كه‌شدا توێژینه‌وه‌كان و نامیلكه‌كان خرانه‌ به‌ر ده‌ستى ئاماده‌بووان.