Skip to the content
Menu

ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ نووسینگه‌ی به‌ڕێز سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ ته‌ندروستیی په‌رله‌مانتار د. كاظم فاروق

به‌پێویستی ده‌زانین ڕوونكردنه‌وه‌یه‌ك سه‌باره‌ت به‌دۆخی ته‌ندروستیی ئه‌ندامى په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ڕێز (د. كاظم فاروق) بخه‌ینه‌ ڕوو.
لێره‌وه‌ به‌هه‌موو لایه‌كی ڕاده‌گه‌یه‌نین كه‌ ئه‌م ئێواره‌یه‌ به‌ڕێز د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێز د. ظاهر فاروق، برای د. كاظم، له‌ ڕه‌وشی ته‌ندروستیی به‌ڕێزیانی پرسی و به‌ڕێز د. ظاهر ڕایگه‌یاندووه‌ كه‌ دۆخی ته‌ندروستیی د. كاظم ناجێگیره‌ و له‌ژێر ئامێری هه‌ناسه‌دانی ده‌ستكرد دایه‌.
تایبه‌ت به‌ شایسته‌ داراییه‌كان و مووچه‌ی (د. كاظم فاروق)یش، كه‌ پرسیارێكی زۆرمان له‌باره‌یه‌وه‌ ئاراسته‌ ده‌كرێت، به‌پێویستی ده‌زانین ئه‌وه‌ ڕابگه‌یه‌نین كه‌ به‌ڕێزیان هێشتا ئه‌ندامى په‌رله‌مانه‌ و به‌پێی یاسابه‌ركاره‌كان شایسته‌ی مووچه‌یه‌ و به‌پێی مادده‌ی (١٢٠)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ده‌بێت له‌ خه‌رجیی نه‌خۆشییه‌كه‌شیدا هاوكاریی بكرێت، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ وه‌ك مافێكی یاسایی بڕیارى به‌رده‌وامیی مووچه‌كه‌ی له‌ ئه‌ستۆى به‌ڕێز سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌ و مانگانه‌ مووچه‌كه‌ی ده‌خرێته‌ سه‌ر هه‌ژمارى تایبه‌تیی، به‌ڵام له‌لایه‌ن خێزانه‌كه‌یه‌وه‌ پێمان ڕاگه‌یه‌ندراوه‌ كه‌ له‌ دوای پێشكه‌شكردنی ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌كه‌ی نه‌خۆی و نه‌خێزانه‌كه‌ی هیچ بڕه‌پاره‌یه‌كیان له‌ ڕصیده‌كه‌ی ڕانه‌كێشاوه‌ و ئه‌وه‌ى له‌ ئێستادا گرنگه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌موو لایه‌ك نزای خێرى بۆ بكه‌ن.
بۆیه‌ داوا له‌ ته‌واوى ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن ده‌كه‌ین كه‌ له‌ ئێستادا ڕێز له‌ تایبه‌تمه‌ندیی كه‌سی و بارى ده‌روونیی خێزان و كه‌سوكاره‌كه‌ی بگرن و به‌ هه‌ستیارییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م بابه‌ته‌دا بكه‌ن.


نووسینگه‌ی به‌ڕێز د. ڕێواز فائق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

٢٠٢٢/١٠/٢٦