Skip to the content
Menu

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پێشوازیی لە نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووکان لە عێراق کرد

دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/١٠/٣٠ د.ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ جێنین پلاسخارت، نوێنه‌ری تایبه‌تیی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق كرد.
له‌ دیدارێكی نێوانیاندا، هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاڵنگارییه‌كانی به‌رده‌م پرۆسه‌كه‌ گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا و د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، ڕایگه‌یاند: "دۆخی ناسه‌قامگیر و نه‌خوازراوی عێراق، به‌هۆی ناكۆكیی نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، هه‌روه‌ها دواكه‌وتنی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراقی فیدڕاڵ، كاریگه‌ریی زۆری هه‌بوو له‌سه‌ر دواخستنی هه‌ڵبژاردنه‌كان، هاوكات بابه‌تی نوێكردنه‌وه‌ی تۆماری ده‌نگده‌ران و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن و كاراكردنه‌وه‌ی كۆمسیۆنیش، به‌شێك بوون له‌ ئاڵنگارییه‌كان و جیاوازیی نێوان حزبە سیاسییەكانی كوردستان".
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان جه‌ختی كرده‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌ بەپێی یاساكە ده‌بێت ڕێكاره‌ یاسایی و ته‌كنیكی و كارگێڕییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن پێش ته‌واوبوونی ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ درێژكراوه‌ته‌وه‌ ته‌واو بكرێت و ھەڵبژاردنیش ئەنجام بدرێت.
پاشان پو‌خته‌یه‌كی له‌مه‌ڕ دانیشتنه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان و یاسای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تووندوتیژی به‌رامبه‌ر خێزان و منداڵ بۆ شاندی میوان خسته‌ڕوو.
لای خۆیه‌وه‌ خاتوو جێنین پلاسخارت، نوێنه‌ری تایبه‌تیی سكرتێری گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق پشتیوانیی خۆی بۆ هه‌نگاوه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربڕی له‌ كاره‌كانیدا، ھەروەھا ئامادەیی خۆیانی دەربڕی بۆ لێكنزیككردنەوەی لایەنەكان و گەیشتن بە ڕێككەوتن.