شاندێکی لێژنەی کاروباری پێشمەرگە سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە ده‌كات
بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ پرسی پلەبەرزکردنەوە و خانەنشینیی هێزه‌كانى پێشمه‌رگه و گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پێشنیازەیاسای ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگە دێرینەکان و چەند پرسێكی تر، ڕۆژى سێشه‌ممه ٢٠٢٢/١٠/١٨، شاندێکی لێژنەی کاروباری پێشمەرگە، بەسەرۆکایەتیی ڕزگار محه‌مه‌د مه‌حمود، بڕیاردەری لێژنە و ئەندامیەتیی باڵانبۆ محه‌مه‌د، سه‌روان ھه‌رکی و ئه‌بوبه‌کر ھەڵه‌دنی، ئەندامانی لێژنەکە، سەردانی وەزارەتی پێشمەرگەى حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانى کرد و لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە پێشوازیى لێ‌کرا.
لە دیدارێکدا، چەندین پرسی پەیوەست بە هێزه‌كانی پێشمەرگە گفتوگۆیان له‌باره‌وه کرا، لەوانە پێشنیازه‌یاسای ماف و ئیمتیازاتی پێشمەرگە دێرینه‌كان، پلەبەرزكردنەوەی ئەفسەران لەكاتی خۆیدا و بەشێوەیەکی دادپەروەرانە، پێدانی پاداشتی خانەنشینی بۆ وەزارەتی پێشمەرگە كە لەئێستادا تاكە وەزارەتە پاداشی خانەنشینی خەرج ناكات، پێدانی دەرماڵە و سەرمووچە بۆ هێزی پێشمەرگە، پێدانی پلەی شایستە بەو ئەفسەرانەی كە لە كاتی شایستەبوونی خۆیاندا پلەیان بەرز نەكراوەتەوە، ڕێكخستنەوە و یه‌كخستنه‌وه‌ى یەكەكانی ٧٠و٨٠ لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، خانەنشینیی ئەفسەران و پێشمەرگە و چارەسەركردنی گرفتی ئەو شەهیدانەی كە بە هۆكارى جیاواز شەهیدبوون، ھەروەھا هەژماركردنی خزمەتى دووبەرابەر بۆ ئەو پێشمەرگانەى كە پێش ١٩٩١/٣/٥ پێشمەرگە بوون، چەندین پرسی تری پەیوەندیدار بە ھێزەکانی پێشمەرگە.
لای خۆیه‌وه شۆڕش ئیسماعیل، وه‌زیرى پێشمه‌رگه، وەڵام و ڕوونکردنەوەی پێویستى لەبارەی ھەموو پرسەکان بۆ شاندی پەرلەمان خسته‌ڕوو و دڵنیایی پێدان کە بەپەرۆشەوە کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم گرفتەکانی هێزه‌كانى پێشمەرگە.
لە کۆتایی دیدارەکه‌شدا، ھەردوولا جەختیان لەسەر کار و ھەماھەنگیی زیاترى نێوانیان کرده‌وه بۆ چارەسەرکردنی سەرجەم گرفتەکان.