Skip to the content
Menu

سه‌رۆكی په‌رله‌مان په‌یامێكى پیرۆزبایی ئاراسته‌ی سه‌رۆك كۆمارى نوێى عێراق كرد

به‌ڕێز لەتیف ڕه‌شید.. سه‌رۆك كۆماری هه‌ڵبژێردراوی عێراق
به‌بۆنه‌ی به‌ده‌ستهێنانی متمانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، جوانترین پیرۆزباییتان ئاراسته‌ ده‌كه‌م، هیواخوازم به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌م پرۆسه‌ دیموكراسییه‌ ببێته‌ مایه‌ی سه‌ره‌تایه‌كی نوێ بۆ کۆی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراقدا و هه‌رچی زووه‌ هه‌نگاوە دەستوورییەکانی دیکەی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حکوومەتی بەدوا دابێت.
به‌ده‌ستهێنانه‌وه‌ی ئه‌م پێگەیە له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی كوردستان، وه‌ك شایسته‌یه‌كی ده‌ستووری له‌سه‌ر بنه‌مای هاوبه‌شیی سیاسی له‌ عێراقدا و لەلایەن تێکۆشەرێکی دێرینی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، جێگه‌ی خۆشحاڵییه‌ و ئاماژه‌یه‌كی ڕوونی ئیرادەی دروستی هێز و لایەنە سیاسییەکانە،‌ بۆ پەرەپێدانی ژیانی دیموكراسی و پێكه‌وه‌ژیان له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور.
ئومێده‌وارم ئه‌م سه‌ركه‌وتنه‌ ببێته‌ مایه‌ی پته‌وبوونی یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی و پێشخستنی هه‌وڵه‌كان بۆ لێكنزیككردنه‌وه‌ی دیدگا جیاوازه‌كان و بەڕێزتان ببن به‌ هه‌وێنی ته‌بایی و یه‌كخستنی گووتاری نیشتمانی له‌سه‌ر ڕێبازی ڕابه‌ری گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان ڕه‌وانشاد سه‌رۆك مام جه‌لال.
دووباره‌ پیرۆزباییتان لێده‌كه‌م، هه‌ر سه‌ركه‌وتوو و سه‌رفرازبن.
د. ڕێواز فائق
سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان