Skip to the content
Menu

له‌ دانیشتنی كردنه‌وه‌ى خولی پایزه‌دا
د. ڕێواز فائق.: "پێكهێنانى لێژنه‌ى ئاماده‌كردنى ڕه‌شنووسى ده‌ستوور و بابه‌تى هه‌ڵبژاردن به‌ یاسا و كۆمیسیۆنه‌وه‌ له‌پێش هه‌موو ئه‌ركه‌كانن"

سه‌عات ١١ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٩/١، به ‌سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (١)ى ئاسایی خولی پایزه‌ى ساڵی چوارەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تاى دانیشتنه‌كه‌ به ‌ده‌قیقه‌یه‌ك ‌وه‌ستان به‌بێده‌نگی بۆ ڕێزلێنان له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی كوردستان و عێراق له‌گه‌ڵ مارشی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ستیپێكرد، پاشان سه‌رۆكی په‌رله‌مان كردنه‌وه‌ی خولی پایزه‌ی ڕاگه‌یاند و به‌و بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ وته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و تێیدا ڕایگه‌یاند: "ده‌سپێكی وه‌رزی پایزه‌ی ساڵی چواره‌م له‌ كاتێكدا ڕاده‌گه‌یه‌نین كه‌ عێراقی فیدڕاڵ به‌ دۆخێكی سه‌ختدا تێده‌په‌ڕێت و هێشتا له‌ چاوه‌ڕوانیی ئه‌گه‌ری نه‌خوازراو و به‌ده‌ر له‌ حوكمی عه‌قڵ و لۆژیكدایه‌ و نه‌گرتنه‌به‌ری بژارده‌ی گفتوگۆ وه‌ك میكانیزمى عه‌قڵانیى گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان له‌ ڕێگه‌ی دیالۆگی بنیاتنه‌رانه‌، بووه‌ته‌ هۆكاری لێكترازان و جۆرێك له‌ ناسه‌قامگیری سیاسی، كۆمه‌ڵایه‌تی، ده‌روونی، ئابووری و ئه‌منی ئه‌وتۆ كه‌ پێشبینیكردنی ئاكامه‌كانی هه‌روا ئاسان نییه‌ و وڵاته‌كه‌ به‌ ئاقاری چاره‌نووسێكی نادیاردا هه‌نگاو ده‌نێت".
گووتیشی: "له‌م نێوه‌نده‌دا و له‌و ڕوانگه‌یه‌ی هه‌رێمی كوردستان به‌شێكه‌ له‌و ده‌وڵه‌ته‌ فیدڕاڵییه‌ی كه‌ له‌ هه‌موو ڕوویه‌كه‌وه‌ دۆخی مه‌ترسیداره‌ و ناكرێت پێمان وابێت پڕیشكی به‌ر ئێمه‌ش ناكه‌وێت". داواشی له‌ هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ كوردستانییه‌كان كرد كە گوتاریان یه‌كبخه‌ن و ڕیزه‌كانیان تۆكمه‌ بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی به‌ حیكمه‌تەوە مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ دۆخی نوێی عێراق بكرێت و هه‌وڵبدرێت ڕۆڵی ئه‌رێنی له‌ كوژاندنه‌وه‌ی ئاگری شه‌ڕی به‌ره‌كان و لایه‌نه‌ ناكۆكه‌كان بگێڕێ و هه‌رێمه‌كه‌شمان له‌ پڕیشكی ئه‌و دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ بپارێزێ.
هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی پشتیوانیكردن له‌ دامه‌زراوه‌ ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێم كرده‌وه‌، به‌تایبه‌ت پشتیوانیكردن له‌ حكوومه‌ت بۆ به‌هێزكردنی سه‌نگه‌ره‌كانی پێشمه‌رگه‌ و تواناكانی هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ، له‌پێناو ڕێگه‌گرتن له‌ دروستبوونی بۆشایی ئه‌منی، به‌تایبه‌ت له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌كان و هاوسنووره‌كان له‌گه‌ڵ ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان.
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كه‌یدا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ڕایگه‌یاند: "ئه‌ركی ئێمه‌یه‌ له‌ په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم و حكوومه‌تیش، وه‌ك دامه‌زراوه‌ی ده‌ستووریی متمانه‌پێدراو له‌ په‌رله‌مان، به‌ وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ خواست و داواكارییه‌كانی هاووڵاتییانی خۆمان بكه‌ین و پڕۆسه‌ی چاكسازی له‌ سیستمی سیاسی و ئابووری و كارگێڕی و داراییدا، بكه‌ینه‌ ئامانج و ئه‌ركی به‌رده‌واممان و سڵ له‌ ته‌گه‌ره‌ و ئاسته‌نگ و ئاڵنگارییه‌كان نه‌كه‌ینه‌وه‌، وه‌ك چۆن ئه‌ركی هاووڵاتییانیشه‌ له‌پێناو دوورخستنه‌وه‌ی پڕیشكی ناسه‌قامگیری و پاراستنی قه‌واره‌ی ده‌ستووریى هه‌رێمدا، ئه‌وه‌ی كراوه‌ نادیده‌ی نه‌گرن و به‌رده‌وامیش بن له‌ چاودێریكردنی دامه‌زراوه‌ و داموده‌زگاكان و پێشێلكاری و گه‌نده‌ڵی و به‌هه‌ده‌ردان له‌ كه‌س قبوڵ نه‌كه‌ن و ده‌ستبار و پشتیوانیی دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كان بن له‌ هه‌موو هه‌وڵ و ده‌ستپێشخه‌رییه‌كدا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵى و پیسخۆری و به‌هه‌ده‌ردانى موڵك و ماڵى گشتى".
گووتیشی: "پێشبینیمان ئه‌وه‌یه‌ فراكسێۆنه‌كان و په‌رله‌مانتاران بۆشایی یاسایی و كه‌موكورتیی یاسابه‌ركاره‌كان و پێداویستیی قۆناغه‌كه‌ به‌ ئاراسته‌ی خزمه‌تی زیاتری كوردستانییان بكه‌نه‌ بنه‌مای پێشكه‌شكردنی پێشنیازه‌یاسای دیكه‌، له‌هه‌مان كاتدا ده‌بێت حكوومه‌تیش پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ى گشتى بۆ په‌رله‌مان بنێرێت و چیتر له‌ژێر هیچ پاساوێكدا هیچ داهات كۆكردنه‌وه‌ و خه‌رجییه‌ك له‌ ده‌ره‌وه‌ى یاساى بودجه‌ ئه‌نجام نه‌دات، بۆیه‌ جگه‌ له‌وه‌ى ئه‌ركى حكوومه‌ته‌ پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ بنێرێته‌ په‌رله‌مان، ئه‌ركى په‌رله‌مانتاران و لیژنه‌كانیشه‌ به‌دواداچوون و لێپێچینه‌وه‌ بۆ ناردنى پڕۆژه‌یاساى بودجه‌ بكه‌ن".
هه‌روه‌ها ئه‌و ئه‌رك و ده‌سكه‌وت و ئاسته‌نگانه‌ى به‌رده‌م په‌رله‌مان و كۆی ئه‌و پێشنیاز و پڕۆژه‌یاسا و بڕیارانه‌ی كه‌ تا ئه‌مڕۆ ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كراون، هه‌روه‌ها ئه‌و بابه‌ته‌ گشتییانه‌ی كه‌ بۆ مه‌به‌ستی گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكوومه‌ت به‌پێی ماده‌ی (٦٦)ى په‌یڕه‌و، یان له‌لایه‌ن لێژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كانی په‌رله‌مان، یان له‌لایه‌ن خودی حكوومه‌ته‌وه‌، به‌پێی ماده‌ی (٥٣)ی په‌یڕه‌و، ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كراون و ئه‌وله‌ویه‌ت و كارى له‌پێشینه‌ى ئه‌م وه‌رزه‌ى په‌رله‌مانیشی به‌ داتا و زانیاریی ورده‌وه‌ له‌ چه‌ند خاڵێكدا خسته‌ ڕوو.
پاشان سه‌رجه‌م سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان، وته‌یان پێشكه‌ش كرد و تێیدا جه‌ختییان له‌سه‌ر كارى پێكه‌وه‌یی و پێویستیی نووسینه‌وه‌ى ده‌ستوورى هه‌رێمی كوردستان و ناردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مان كرده‌وه‌ و پاڵپشتیی خۆشیان بۆ هه‌نگاوه‌كانی حكوومه‌تى هه‌رێم له‌ جێبه‌جێكردنی یاسای چاكسازی ده‌ربڕی.
هه‌ر له‌وته‌كانیاندا سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان، باسیان له‌ كێشه‌ و ئالنگارییه‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌ی هه‌ڵبژارنه‌كان و بارودۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان كرد و جه‌ختییان له‌سه‌ر یه‌كڕیزی و ته‌بایی و یه‌كده‌نگیی نێوان حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی كوردستان كرده‌وه‌ له‌پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی گه‌له‌كه‌مان و پاراستنی قه‌واره‌ی ده‌ستووریی هه‌رێمی كوردستان.
ئاماژه‌شیان به‌پێویستیی دامه‌زراندن و به‌ هه‌میشه‌ییكردنی فه‌رمانبه‌رانى گرێبه‌ست و وانه‌بێژان و دامه‌زراندنی سێ یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ و په‌یمانگه‌كان، ڕێكخستنه‌وه‌ى باج و ڕسومات، كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕۆتین، پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران و گێڕانه‌وه‌ى مووچه‌ پاشه‌كه‌وتكراوه‌كان، ڕێكخستنه‌وه‌ و یه‌كخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ناوخۆ كرد و تیشكیان خسته‌سه‌ر كێشه‌كانی هاووڵاتییان و كه‌میی خزمه‌تگوزارییه‌ گشتییه‌كان، وه‌ك كاره‌با و ئاو و ڕێگه‌وبان و گرانیی نرخی سووته‌مه‌نی و كاڵا و كه‌لوپه‌ل له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا.
به‌پێی خاڵی پێنجه‌م و كۆتایی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌ش، له‌لایه‌ن لێژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه‌ به‌جیا خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م بۆ هه‌ردوو پڕۆژەیاسای كار لە هەرێمی كوردستان و پڕۆژەیاسای هەمواری یەكەمی یاسای ئەنجوومەنی شورای هەرێمی كوردستان، ژمارە (١٤)ی ساڵی ٢٠٠٨ كرا و لەلایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ ئاراسته‌ی لێژنه‌ تایبه‌تمه‌نده‌كان و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مان كرا.
به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به ‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا.