به‌بۆنه‌ی ساڵیادی دامه‌زراندنییه‌وه
د. هێمن هەورامی سه‌ردانی مه‌كته‌بی ته‌نفیزیی یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی کوردستانى كرد
![](/media/12993/kurdistan_parliament_dhemn.jpg?anchor=center&mode=crop&width=800&height=600&rnd=133082318330000000)
بەمەبەستی گەیاندنی پیرۆزبایی پەرلەمانی کوردستان، به‌بۆنه‌ی یادی (٥۲) ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی کوردستان، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ۲۰۲۲/۹/۲۱، د. هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، کە هەریەک لە مه‌لا ئیحسان ڕێکانی، جێگری سەرۆکی لێژنەی ئەوقاف و كاروبارى ئاینیی په‌رله‌مانی كوردستان، فەیسەڵ عه‌باس و وەیسی سەعید، ئەندامانی لێژنەکە، یاوەریان دەرکرد، سەردانی مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی کوردستانی لە هەولێر کرد و لەلایەن مامۆستا عه‌بدوڵا سه‌عید وەیسی، سەرۆکی یەکێتیی زانایان و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزی و ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئاینی پێشوازیی لێ‌کرا.
لەسەردانەکەیدا، د. هێمن هەورامی، بەناوی پەرلەمانی کوردستانەوە پیرۆزبایی (٥٢)هەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی زانایانی ئایندی ئیسلامیی کوردستانى له سه‌رۆك و ستافی مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتییەکە كرد، هاوکات ڕۆڵ و پێگەی زانایانی ئاینی لە خزمەتکردنن ئاینی ئیسلام و ئاراستەکردنی دروستی کۆمەڵگە كرد و جەختی لەسه‌ر پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان سەرجەم ئاین و نەتەوە جیاوازەکانی کوردستان کردەوە کە یەکێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامیی کوردستان ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە قووڵترکردنەوەی زیاتری ئەو پێکەوەژیانە.
هه‌روه‌ها ڕۆڵی زانایان و مامۆستایانی ئاینیی ئیسلامیى لە قۆناغەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردستان به‌رزنرخاند.
لەلایەن خۆیانەوە سەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی تەنفیزیی یەکێتیی زانایانی ئاینیی ئیسلامیی کوردستان، وێڕای ده‌ربڕینی سوپاسگوزاریی خۆیان بۆ ئه‌و سه‌ردانه و به‌شداریكردنه‌ی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان لە بۆنەی ساڵیادی دامەزرادنی یەکێتییەکەیان، به‌ڵێنیاندا كه هەموو توانایه‌كی خۆیان بخەنەگەڕ لە خزمەتکردنی زیاتر به ئاینی پیرۆزی ئیسلام و پاراستنی ئەو گیانی ته‌بایی و لێبوردەیی و پێکەوەژیانەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، هه‌روه‌ها جەختیشیان لەسه‌ر هەماهەنگیی زیاتر له‌نێوان لێژنەی ئەوقاف و یەکێتیی زانایان کردەوە.