Skip to the content
Menu

لێژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ لەگەڵ سەندیكاكان و ڕێكخراوەكانی كرێكاران كۆدەبێتەوە

به‌مه‌به‌ستی چارەسەركردنى چەند كێشەیەك و تاووتوێكردنى پڕۆژه‌یاساى كار و پڕۆژه‌یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی كرێكاران، ئەمڕۆ سێشەممە ٢٠٢٢/٩/٦، لێژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ، بەسەرپەرشتیی ڕۆمیۆ هەكاری، سەرۆكی لێژنە و ئامادەبوونی جێگری سەرۆكى لێژنه‌ و بڕیاردەر و ئەندامان و ڕاوێژكارانى لێژنەكە كۆوبوەوە.
سەرەتای كۆبونەوەكە ئەو نووسراو و سكاڵایانەی ئاراستەی لێژنەكە كرابوون، خوێندنەوەیان بۆ كرا و دوای گفتوگۆكردن و ڕاگۆڕینەوه‌، ئەوانەی پێویستییان بە وەڵامدانەوە هەبوو، وەڵام درانەوە، ئەوانەی تریش ئاراستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان كران بۆ كاری پێویست.
هه‌ر له‌و كۆبوونەوەیەدا چەندین تەوەرى گرنگی په‌یوه‌ست به‌كارى لێژنه‌كه‌ تاووتوێ كران له‌وانه‌ پڕۆژه‌یاساى كار و پڕۆژه‌یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتیی كرێكاران، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لێژنە بڕیاری دا بەشداری لە وێركشۆپی ڕێكخراوی كاری نێودەوڵەتی (ILO) بكات، كه‌ بڕیاره‌ لە ڕۆژانی ٢٠٢٢/٩/١٤،١٣،١٢،١١، لە شاری دهۆك ئەنجامی بدات لەسەر هه‌ردوو پڕۆژه‌یاساكه‌.
هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ لێژنه‌ بڕیاری دا بانگهێشتی سەندیكاكان و ڕێكخراوەكانی تایبەت بە كرێكاران لە هەرێمى كوردستان بكرێت بۆ پەرلەمانی كوردستان بەمەبەستی گفتوگۆكردن و وەرگرتنی ڕاو پێشنیازه‌كانیان لەسەر هه‌ردوو پڕۆژه‌یاساكه‌.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ڕه‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ له‌ هه‌رێمی كوردستان گفتوگۆى له‌باره‌وه‌ كرا و بڕیار درا لێژنه‌كه‌ لەگەڵ دەستەی سەربەخۆی مافه‌كانی مروڤ هەماهەنگی بكات بۆ نووسینەوە و ئامادەكردنی (یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن)، بەمەبەستی واژۆكردنى لەلایەن هەردوولاوه‌ بۆ ئەنجامدانی كاری هاوبەش له‌پێناو به‌ره‌وپێشبردنی ڕەوشی مافه‌كانی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستاندا.