لێژنەی كشتوكاڵ لەگەڵ ڕێكخراوی جووتیارانی ئه‌فرێنەری كوردستان كۆبووەوە
بەمەبەستی تاووتوێكردن و به‌دواچوون بۆ كێشە و گرفتەكانی به‌رده‌م كه‌رتی كشتوكاڵی و ساغنه‌بوونه‌وه‌ى به‌رهه‌می خۆماڵیی جووتیاران، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٠٢٢/٩/٢٢، لێژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری، بەسەرپەرشتیی عەبدولسه‌تار مەجید، سەرۆكی لێژنه و ئامادەبوونی بڕیاردەر و ژمارەیەك لەئەندامانى لێژنەكە، لەگەڵ ڕێكخراوی جووتیارانی ئه‌فرێنەری كوردستان كۆبووه‌وە.
لە كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ لەسەر كێشەی شایستە داراییەكانی جووتیاران بۆ ساڵانی ٢٠١٤، ٢٠١٥، ٢٠١٦ كرا، كە ٣٠٩ ملیار دینار ماوە بدرێتە جووتیاران، لێژنەكه بەڵێنی بە جووتیاران دا كە بۆ بەدواداچوونى ئه‌و پرسه سەردانی بەغدا بكەن و هەوڵبدەن حكوومەتی عێراق ئەم بڕە پارەیە خەرج بكات.
لە بەشێكی دیكه‌ی كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ لەسەر ساغبوونەوەی بەرهەمەكانی جووتیاران كرا، لێژنەكە جووتیارانی دڵنیا كردەوە كه بە نووسراوی فەرمی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان ئاگادار ده‌كه‌نه‌وه كه بە پێویستی دەزانن حكوومەت یاسای ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢١، یاسای پاراستنی بەرهەمە خۆماڵییەكان جێبه‌جێ بكرێت، كە باج خستنه‌سه‌ر ئەو بەرهەمانەیه كه له‌ده‌ره‌وه هاوردە دەكرێن یاخود قەدەغەكردنی هێنانیانه بەڕێگەی قاچاغ، هه‌روه‌ها پشتیوانیی زیاتر له كه‌رتی كشتوكاڵی و جووتیاران بكرێت.
لە كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا لێژنەكە بە جووتیارانی ڕاگەیاند: "كه هەوڵدەدەن دانیشتنێكی تایبه‌تی پەرلەمان ته‌رخان بكرێت بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر كێشە و گرفتەكانی بەردەم كەرتی كشتوكاڵی و چۆنیەتیی ساغكردنەوەی بەرهەمە خۆماڵییه‌كانی جووتیاران، به ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەكان بەمەبەستی چاره‌سه‌ركردنیان".