Skip to the content
Menu

لێژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان چه‌ند پرسێك تاووتوێ ده‌كات

به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر چه‌ند پرسێكی په‌یوه‌ست به‌كاری لێژنه‌كه‌، نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢٠٢٢/٩/٢٨، لێژنه‌ی ڕۆشنبیری و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و وه‌رزش و لاوان، به‌سه‌رپه‌رشتیی جه‌لال محه‌مه‌د، جێگری سه‌رۆكی لێژنه‌ و ئاماده‌بوونی بڕیارده‌ر و ئه‌ندامان و ڕاوێژكارانی لێژنه‌كه‌، كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی ئه‌نجام دا.
له‌ كۆبوونوه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و نووسراو و پێشنیازه‌یاسایانه‌ كرا كه‌ ئاراسته‌ی لێژنه‌كه‌ كرابوون، كه‌بریتیبوون له‌ پێشنیازه‌یاسای سه‌ندیكای بایۆلۆجی له‌ هه‌رێمی كوردستان، پێشنیازه‌یاسای لێژنه‌ی ئۆڵۆمپی له‌ هه‌رێمی كوردستان، ئه‌ندامان ڕا و سه‌رنجی خۆیان له‌باره‌ی ئه‌و پێشنیازه‌یاسایانه‌ خسته‌ڕوو.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌رله‌مانتار فه‌یسه‌ڵ عه‌باس، ئه‌ندامی لێژنه‌كه‌ ڕاسپێردرا كه‌ وه‌ك نوێنه‌ری لێژنه‌ی ڕۆشنبیریی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ هه‌ردوو لێژنه‌ی یاسایی و لێژنه‌ی كاروباری ته‌ندروستی هه‌ماهه‌نگی بكات له‌سه‌ر پێشنیازه‌یاسای سه‌ندیكای بایلۆجیی هه‌رێمی كوردستان.
سه‌باره‌ت به‌ پێشنیازه‌یاسای لێژنه‌ی ئۆڵۆمپیی هه‌رێمی كوردستان، لێژنه‌یه‌كی لاوه‌كی ڕاسپێردرا كه‌ وێركشۆپێك بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی پێشنیازه‌یاساكه‌ ئه‌نجام بده‌ن.