لێژنه‌ى وزە و سامانه سرووشتییه‌كان له‌گه‌ڵ وه‌زیرى سامانه سرووشتییه‌كان به وه‌كاله‌ت كۆبووەوە
به‌مه‌به‌ستى جه‌ختكردنه‌وه له‌سەر پێویستیی دابه‌شكردنى نه‌وتى سپى و غاز به‌سه‌ر ماڵان‌دا، پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه ٢٠٢٢/٩/١٣، لێژنه‌ى وزه و سامانه سرووشتییه‌كان و پیشه‌سازى و بازرگانى، به‌سه‌رپه‌رشتیى عه‌لى حمه ساڵح، سه‌رۆكى لێژنه و ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆكی لێژنه و بڕیارده‌ر و ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامان و ڕاوێژكارنى لێژنه‌كه، له هۆڵی لێژنه له ته‌لارى په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ د. كه‌مال محه‌مه‌د، وه‌زیرى سامانه سرووشتییه‌كان به‌وه‌كاله‌ت كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه د. ڤالا فه‌رید، وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان، ئه‌حمه‌د موفتى، بریكارى وه‌زاره‌تى سامانه سرووشتییه‌كان، ڕێبین زه‌نگه‌نه، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى دیوان، د. خه‌زال عه‌بدوڵا، به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیى گرێبه‌سته‌كان و ئابوورى، ئاماده‌یبوون، گفتوگۆ له‌سه‌ر میكانیزمی چۆنیه‌تیى دابه‌شكردنى نه‌وتى سپى و غازى ماڵان كرا.
دواى خسته‌ڕووى كێشه و گرفتى هاووڵاتییان و داواكارییه‌كانیان، به‌هۆى هاتنى وه‌رزى زستان، وه‌زیرى سامانه سرووشتییه‌كان و ستافى یاوه‌ری، ڕایانگه‌یاند: "میكانیزمى دابه‌شكردنى نه‌وت به سێ قۆناغ ده‌بێت، سه‌ره‌تا له ناوچه شاخاوییه‌كان، دواتر ده‌وروبه‌رى شاره‌كان و پاشان سه‌نته‌رى شاره‌كان"، گووتیشیان: "هه‌وڵده‌ده‌ین له مانگى ١٠وه ده‌ستپێبكه‌ین و به‌و ئومێده‌شین كه هه‌رسێ قۆناغه‌كه تا كۆتایی ساڵ ته‌واو ببێت".
ئه‌وه‌شیان خسته‌ڕوو كه پارساڵ بڕى (١١١) ملیۆن لیتر نه‌وتى سپى به‌سه‌ر ماڵان‌دا دابه‌ش كراوه، به‌ڵام به‌گوێره‌ى ئه‌و سه‌رژمێرى و داتایانه‌ى ئه‌وان ئاماده‌یان كردووه، یه‌ك ملیۆن و (٢٨٤) هه‌زار و (٢٧٦) خێزان له هه‌رێمى كوردستان هه‌یه، بۆیه ئه‌مساڵ پێویستیان به (٢٥٧) ملیۆن و (٤٨٩) هه‌زار و (٢٠٠) لیتر نه‌وتى سپى هه‌یه، تاوه‌كو به‌سه‌ر ئه‌و خێزانانه‌دا دابه‌شى بكه‌ن.
له به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، هه‌ردوولا گفتوگۆیان له‌سه‌ر چۆنیه‌تیى دابینكردن و چاودێریكردنى فرۆشتنى غاز له بازاڕه‌كانى هه‌رێمى كوردستان كرد و جه‌ختیان له‌سه‌ر هه‌وڵدان بۆ زیاتركردنى به‌رهه‌مێهێنانى غاز كرده‌وه، تاوه‌كو قه‌یران دروست نه‌بێت و كێشه و گرفته‌كانى هاووڵاتییانى پێ چاره‌سه‌ر بكرێت.
له كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا، شانده‌كه‌ى وه‌زاره‌تى سامانه سرووشتییه‌كان، لێژنه‌كه‌ى په‌رله‌مانى دڵنیا كرده‌وه كه به‌هه‌موو توانایه‌كیانه‌وه هه‌وڵده‌ده‌ن له‌م ماوه‌یه‌ى پلانیان بۆ داناوه نه‌وتى سپى دابه‌ش بكه‌ن، به‌جۆرێك بۆ هه‌ر خێزانێك بڕى (٢٠٠) لیتر دابین بكرێت.