Skip to the content
Menu

په‌رله‌مانی كوردستان له‌ ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا به‌تووندی ئیدانه‌ی بۆردوومانكردنی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستاندا، د. هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ سه‌رۆكایه‌تیی دانیشتنی ژماره‌ (٦)ى په‌رله‌مانی كوردستانی ده‌كرد، ڕاگه‌یه‌ندراوی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستانی سه‌باره‌ت به‌ بۆردوومانكردنی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن سوپای پاسدارانی كۆمارى ئیسلامیی ئێران خوێنده‌وه‌، كه‌ تێیدا به‌تووندی ئیدانه‌ی ئه‌م هێرش و په‌لاماردانه‌ ده‌كات، ئه‌مه‌ش ده‌قی ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌یه‌:
جه‌ماوه‌ری به‌شه‌ڕه‌فی كوردستان..
ئه‌ندامانی به‌ڕێزی په‌رله‌مان..
دوێنی ٢٠٢٢/٩/٢٨، سوپای پاسدارانی كۆماری ئیسلامیی ئێران به‌ چه‌ندین مووشه‌ك و درۆنی خۆكوژ، چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستانى له‌ سنووری پارێزگاكانی هه‌ولێر و سلێمانی بۆردوومان كرد.
پێش چه‌ند ڕۆژێكیش په‌لاماری هه‌ندێ ناوچه‌ی سنووری سیده‌كان و ده‌ڤه‌ری برادۆستى دابوو.
له‌ ئه‌نجامی ئه‌م هێرشه‌ ناڕه‌وا و بۆردوومانه‌ بێ پاساوه‌ی كۆماری ئیسلامیی ئێران، ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی شه‌هیدبوون و ژماره‌یه‌كی دیكه‌ش برینداربوون. له‌م په‌لاماره‌دا چه‌ندین ناوچه‌ی سیڤیل و قوتابخانه‌ و ماڵ كرابوونه‌ ئامانج.
به‌ناوی په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌، به‌ تووندی ئیدانه‌ی ئه‌م هێرش و په‌لامارانه‌ ده‌كه‌ین و پێمان وایه‌ له‌ ژێر هه‌ر بیانوو و پاساوێكدا ناكرێ په‌نا بۆ تووندوتیژی و مووشه‌ك و په‌لاماری سه‌ربازی و بۆردوومانكردن ببرێ.
په‌رله‌مانی كوردستان سووره‌ له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌ نه‌گۆڕه‌كه‌ی خۆی به‌وه‌ی كه‌ خوازیاری په‌یوه‌ندیی دۆستانه‌یه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێز و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش و سه‌روه‌ری و بنه‌ماكانی دراوسێیه‌تیی باش و به‌پێ یاسا و عورفه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌گه‌ڵ دراوسێكانیدا و پشتیوانیی هیچ هه‌وڵ و جووڵه‌یه‌كی نییه‌ كه‌ خاكی هه‌رێمی كوردستان بۆ په‌لاماری وڵاتان به‌كار بهێندرێ. پێمان وایه‌ چاره‌سه‌ری سه‌ربازی و هێرش و په‌لامار نه‌ك كێشه‌كان چاره‌سه‌ر و ڕیشه‌كێش ناكات، به‌ڵكو ئاڵۆزی ده‌كات.
په‌رله‌مانی كوردستان داوا له‌ حكوومه‌تی فیدڕاڵ و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات، ئاستێك بۆ ئه‌م په‌لامار و پێشێلكردنانه‌ی خاك و سه‌روه‌ریی عێراق و هه‌رێمی كوردستان دابنێن.
جارێكی دیكه‌، وێڕای نیگه‌رانیی قووڵمان و سه‌ركۆنه‌كردنی ئه‌و هێرش و په‌لامارانه‌ی ئێران، پرسه‌ و سه‌ره‌خۆشیی په‌رله‌مانی كوردستان ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیده‌كان ده‌كه‌ین و هیوای زوو چاكبوونه‌وه‌ بۆ برینداره‌كان ده‌خوازین.
په‌رله‌مانی كوردستان
٢٠٢٢/٩/٢٩