Skip to the content
Menu

د. هێمن هه‌ورامی: "شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بە ڕابەرایەتیی مەلا مستەفا بارزانی سەلماندی کە خەڵک و ئازادیخوازان هەرگیز خۆیان ناچەمێنن و سازش لەسەر بچووکترین مافی خەڵک ناکه‌ن"

بەبۆنەی یادی هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن، شۆڕشی ناسنامە و بوونی گەل، شۆڕشی بەرەنگاربوونەوە و قبووڵنەکردنی زوڵم و ستەم، پیرۆزبایی گەرمی خۆم لە شۆڕشگێڕان و ئازادیخوازان و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و سەرجەم خەڵکی کوردستان دەکەم.
شۆڕشی ئەیلوولی مەزن، بە ڕابەرایەتیی سەرکردە و ناسنامەی بزاڤی ڕزگاریخوازی کوردستان مەلا مستەفا بارزانی، سەلماندی کە خەڵک و ئازادیخوازانی کوردستان هەرگیز خۆیان ناچەمێنن و سازش لەسەر بچووکترین مافی خەڵک ناکه‌ن، ڕابەری شۆڕش بۆ هەموو جیهانی سەلماند کە جگە لە وەدیهێنانی مافی خەڵکی کوردستان، هیچ تەماح و داخوازییەکی کەسی نییە و هەموو سەروەت و خواست و داواکارییەکانی خۆی کردووەتە قوربانی و دەیکاتە قوربانیی مافی خەڵک.
ئەیلوول، شۆڕشێکی سەرتاسەریی کوردستانی بوو، هەر لە زاخۆوە تا خانەقین، خەڵک و پێشمەرگە دەست لەناو دەست و بە هەموو چین و توێژ و بە بەشداریی پەیڕەوانی هەموو ئاین و ئاینزاکان، چارەنووسی کوردستانییانی بەیەکەوە گرێدا و هەمووان بەوپەڕی لەخۆبووردووییەوە هاتنە ڕیزەکانی شۆڕش و پشتیوانیی پێشمەرگە و ڕابەر و سەرکردایەتییەکەی، چونکە دڵنیابوون کە چارەنووسیان لە دەستێکی ئەمین و ئەمەکدار و نەبەزیودایە.
شۆڕشی ئەیلوول و هەموو قۆناغەکانی دیکەی مێژووی ڕزگاریخوازی کوردستان، وانەی بەهێزبوونمان پێدەڵێنەوە، ئەویش کە پێکەوەیی و یەکڕیزییە، هەرکات یەکڕیزی و پێکەوەیی هەبووبێت دەسکەوتی گەورە بەدەستھاتوون، وەک چۆن بە یەکڕیزی بۆ یەکەمینجار مافی ئۆتۆنۆمی بۆ خەڵکی کوردستان لە ئەیلوول بەدی ھات، کە بووە بناغەی هەموو دەستکەوتەکانی دیکە، دەسکەوتەکانی ئەمڕۆش درێژکراوەی دەسکەوتەکانی شۆڕشی ئەیلوولی سەرتاسەرییە، لە سەرجەم قۆناغەکانی دیکەی خەباتیش دووپات بووەتەوە، بۆیە جێی خۆیەتی لە بارودۆخی ئێستا داوا لە هەموو لایەک بکەین یەکڕیز و تەبابن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و چەسپاندنی دەسکەوتەکان و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم و مسۆگەرکردنی مافی زیاتر بۆ کوردستانییان.
د. هێمن هه‌ورامی
جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان