Skip to the content
Menu

پەرلەمانی کوردستان پێشوازی لە شاندێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا کرد

ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٢/٩/١٤، د.ڕێواز فائق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمان، منی قەهوەچی سکرتێری پەرلەمان، و ژمارەیەک لە فڕاکسیۆنە جیاجیاکانی پەرلەمانی کوردستان، پێشوازییان لە شاندێکی فڕاکسیۆنی سۆشیاڵ دیموکراتی پەرلەمانی ئەڵمانیای فیدڕاڵ کرد، بەسەرۆکایەتیی نێڵز شمیت ئەندامی پەرلەمانی ئەڵمانیا و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی سۆشیاڵ دیموکرات، و ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پارتەکە لە لێژنەکانی بەرگری و مافی مرۆڤ، بە یاوەری بەرپرسی گشتی هێزە چەکدارەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان و کۆنسوڵی ئەڵمانیا بەوەکالەت.

لە کۆبوونەوەیەکدا، سەرەتا سەرۆکی شاندەکە وێڕای خۆشحاڵی خۆی بەو پێشوازییە گەرمە، مەبەستی سەردانەکەیان بۆ پەرلەمانی کوردستان خستەڕوو، کە زیاتر کردنی هەماهەنگییەکانیان و هاوکات پرسی مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا بوو لە هەرێمی کوردستان.

د. ڕێواز فائق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وێڕای بەخێرهێنانی شاندی میوان، بەناوی گەلی کوردستانەوە سوپاسی وڵاتی ئەڵمانیای کرد کە لەماوەی ساڵی ۲۰۱٤، تا ئێستا پشتیوانی هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگەن لە جەنگی دژ بە داعش و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان.

لە میانی وتەکانیدا سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند،" ئێمە پشتیوانی تەواوی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین، ئەگەر بیانەوێت هێزەکانی هاوپەیمانان  لە هەرێمی کوردستان بمێننەوە". سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئەوەشی خستەڕوو کە لە ئێستادا تیرۆریستانی داعش هێرشەکانیان بۆسەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە زیادی کردووە، و داواشی لە وڵاتی ئەڵمانیا کرد کە مەشق و ڕاهێنانی زیاتر بە هێزەکانی پێشمەرگە بکەن.

لە لایەن خۆیەوە د. هێمن هەورامی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، باسی لە زیاد بوونی هەڕەشەکانی تیرۆر کرد بۆ سەر هەرێمی کوردستان و عێراق، و ئەوەشی خستە ڕوو کە لە ئێستادا تەکنیکی کردەوە تیرۆریستییەکانی داعش گۆڕانکاریان بەسەرداهاتووە و بۆ بەردەوامی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر پێویست بە مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا و هاوپەیمانان دەکات، کە هاوکار بن بۆ ڕیفۆرمکردنەوەی زیاتری هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، چونکە  لە ئێستادا ئەو هۆکارانەی بوونە هۆی سەرهەڵدانی داعش، خەریکە دووبارە سەرهەڵدەدەن و بەهێز دەبنەوە، هەر لە میانی وتەکانیدا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان پشتیوانی تەواوی لە وتەکانی د. ڕێواز فائق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان کرد، بۆ مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان.

پاشان لەلایەن فڕاکسیۆنە جیاوازەکان و نوێنەری پێکهاتەکان جەخت لەسەر پشتیوانی مانەوەی هێزەکانی ئەڵمانیا و زیاتر کردنی هەماهەنگییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەڵمانیا لە بوارە جیاوازەکاندا کرایەوە.