Skip to the content
Menu

بەڕێوەبەڕایەتی ڕاگەیاندنی پەرلەمان پێشوازی لە بەرپرسی کاروباری کەلتووری و پەروەردەیی و ڕاگەیاندن لە کۆنسوڵخانەی ئەمریکا کرد

پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە۲۰۲۲/۹/۲۲، سامان ئەحمەد بەکر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان بە ئامادەبوونی ڕۆژیار غازی سەرنووسەری ماڵپەڕی پەرلەمان، ڤیان سامی عبدالرحمن و سابات عبدالله،  پێشوازیان کرد لە دەگ مۆڕۆ بەرپرسی کاروباری کەلتووری و پەروەردەیی و ڕاگەیاندن لە کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر.

لە کۆبوونەوەیەکدا سەرەتا بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان پوختەیەکی لەبارەی کاری ڕاگەیاندن و پڕۆسەی شەفافیەت لە ڕووماڵکردنی کار و چالاکی و دانیشتنەکانی پەرلەمان باسکرد، هاوکات ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستانی وەکو سەکۆیەکی ڕاستگۆ و پیشەییانە و پردی پێکگەیاندنی پەرلەمانی کوردستانی لە خولی پێنجەم بە بەراورد بە خولەکانی پێشووی پەرلەمان  و هاووڵاتیان خستەڕوو، هەروەها باسی لەوەش کرد ڕاگەیاندنی پەرلەمان بە پشت بستن بە یاسای ژمارە ۳٥ی یاسای ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان، مامەڵە لەگەڵ سەرجەم کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکات، و لەم چوارچێوەیەدا بەیەک ئاست هاوکار و هەماهەنگە لەگەڵ سەرجەم کەناڵە ناوخۆیی و دەرەکییەکاندا.

لەلایەن خۆیەوە دەگ مۆڕۆ بەرپرسی کاروباری کەلتووری و پەروەردەیی و ڕاگەیاندن لە کۆنسوڵخانەی ئەمریکا، وێڕای سوپاس و پێزانینیان بۆ کارەکانی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان، هاوکات جەختی لە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا لە چوارچێوەی کاری ڕاگەیاندندا کردەوە.