Skip to the content
Menu

سەرۆکی پەرلەمان پێشوازیی لە کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممە ٢٠٢٢/٩/١٩، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی لە ئۆلیڤیێ دیکۆتینێ، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا لە هەرێمی کوردستان کرد.
له‌ دیدارێكی نێوانیاندا، باس له‌ دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان بەگشتی کرا و د. ڕێواز فائق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان جەختی لە گرنگیی یەکگووتاریی هێزە کوردستانییەکان لە بەغدا کردەوە، بەتایبەت لە بابەتی پاراستنی قەوارەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و ماف و شایستە دەستوورییەکانی.
لە ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی گفتوگۆکەدا، پوختەی کار و به‌رنامه‌ی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان خرايە ڕوو، د. ڕێواز فائق، ڕایگەیاند: "لە دانیشتنەکانی داهاتوودا گفتوگۆکردن و دەرچوواندنی یاسای پەروەردە و فێرکردن و یاسای کار، لە پێشینەی کارە پەرلەمانییەکانمانە، هاوکات هیوادارین هەرچی زووە ڕێکكەوتنە سیاسییەکان بۆ کاراکردنی کۆمیسیۆن و هەمواری یاسای هەڵبژاردن بگەنە ئەنجام".
لای خۆیەوە ئۆلیڤیێ دیکۆتینێ، کونسوڵی گشتیی فەڕەنسا ڕایگەیاند: "باوەڕمان وایە هێزە کوردستانییەکان پێویستە بە یەکڕیزی بڕۆنە بەغدا و هۆکاری سەقامگیری بن لە عێراقدا"، گووتیشی: "ئێمە بە بایەخەوە لە یاسای کار و پەروەردە و فێرکردن دەڕوانین".