Skip to the content
Menu

شاندێکی لێژنەی شارەوانی و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار سەردانی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی زاخۆ ده‌كات

له‌ درێژه‌ی سه‌ردانه‌ مه‌یدانییه‌كانیدا بۆ پارێزگاكان و ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستان بەمەبەستی چاودێری و بەدواداچوون و ئه‌نجامدانی دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ دامەزراوە جیاوازەکاندا، ڕۆژی یەکشەممە ٢٠٢٢/٩/٢٥، شاندێكی لێژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار، به‌سه‌رۆكایه‌تیی لوقمان وه‌ردى، سه‌رۆكی لێژنه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى لێژنه‌كه‌، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆی کرد.
سەرەتا شاندى لێژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان لە دیوانی ئیدارەی سەربەخۆى زاخۆدا لەلایەن جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارە و قایمقامی زاخۆ و قایمقامی باتیفا پێشوازیى لێکرا و لە کۆبوونەوەیەکدا بە ئامادەبوونی جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان و بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزاری زاخۆ و سەرۆکی شارەوانیی زاخۆ و بەڕێوەبەرانی گشتیی گواستنەوە، شوێنەوار، ئاوئاوەڕۆى زاخۆ، بەشێوەیەکی گشتی چه‌ند پرسێكی گرنگ گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا، له‌وانه‌ پرسی زێدەڕۆیی کردنەسەر زەوی و موڵکی گشتی، خزمەتگوزاریی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لە سنووری ئیدارەی زاخۆ بەگشتی، ڕێکخستن و پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری و پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکانی سنووری ئیدارەی زاخۆ، گرفت و ئاستەنگەکانی کەرتی گواستنەوە و گەیاندن، تەواوکردنی پڕۆژە تەواونەکراوەکانی سنووری ئیدارەكه‌، ئاودێریی پارک و باخچەکان و پاراستنی سەوزایی شارەکان، خزمەتگوزاریی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و چارەسەرییه‌كان، کێشەی ئیفرازی زەوی و قەرەبووکردنەوەی خاوەن موڵکەکان، ئاستی بەدەنگەوەھاتنی ھاووڵاتییان بۆ جێبەجێکردنی یاسای بەخاوەنکردنی خانووەزێدەڕۆکان، کێشە و کرفتەکانی بانەوانی و ڕسوماتی جۆراوجۆر.
هه‌ر له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆی زاخۆ، شاندی لێژنەكه‌ی په‌رله‌مان پڕۆژەی گەشتیاریی پردی دەلالى بەسەرکردەوە.