شاندێکی لێژنەی شارەوانی و گواستنه‌وه و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار سەردانی پارێزگای دهۆك ده‌كات
هه‌ر له چوارچێوه‌ی سه‌ردانه مه‌یدانییه‌كانی لێژنه‌كه بۆ پارێزگاكان و ئیداره سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٩/٢٦، شاندێکى لێژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار، به‌سه‌رۆكایه‌تیی لوقمان وه‌ردى، سه‌رۆكی لێژنه و ئه‌ندامیه‌تیی ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانی لێژنه‌كه، سەردانی پارێزگای دھۆکی کرد.
سەرەتا لە دیوانی پارێزگا، شاندى لێژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان، لەلایەن د. عه‌لی تەتەر، پارێزگاری دھۆک پێشوازیى لێ‌کرا و لە دانیشتنێکدا تیشک خرایەسەر ڕەوشی خزمەتگوزاری لە سنووری پارێزگای دھۆک و جەخت کرایەوە لەسەر ھاوکاری و ھەماھەنگیی نێوان پەرلەمان و ئیدارەی پارێزگاكه بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی زیاتر به ھاووڵاتییان.
ھەر لە دیوانی پارێزگا کۆبوونەوەیەکی سێ کاتژمێری بە ئامادەبوونی جێگری پارێزگاری دھۆک، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان، سەرۆکی شارەوانیی دھۆک و بەرێوەبەرانی گشتیی گەشتوگوزار، گواستنەوە و گەیاندن، شوێنەوار و سەرۆکی شارەوانییه‌كان و بەڕێوەبەرانی ئاوی قەزاکانی (ئامێدی، ئاکرێ، بەردەڕەش، سێمێل، شێخان)، ئه‌نجامدرا و تێیدا بەشێوەیەکی گشتی چه‌ند پرسێكی گرنگ گفتوگۆیان له‌باره‌وه كرا، له‌وانه بابەتی زێدەڕۆیی بۆ سەر موڵکی گشتی، پڕۆژە تەواونەکراوەکانی سنووری پارێزگای دھۆک، ئاستی خزمەتگوزاریی ئاو و ئاوەڕۆ لە سنووری پارێزگاكه، ئاودێری و پاراستنی سەوزایی شار، خزمەتگوزاریی گواستنەوە و گەیاندن، کێشەی ئیفرازی زەوی و قەرەبووکردنەوەی خاوەن موڵکەکان، خزمەتگوزاریی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و پاکڕاگرتنی شار و شارۆچكەکان، ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای بەخاوەنکردنی خانووە زێدەڕۆکان، کێشە و کرفتەکانی بانەوانی و ڕسوماتی جۆراوجۆر، هه‌روه‌ها زیاتر بایەخ و پەرەپێدان بە کەرتی گەشتیاری و شوێنەوار لە سنووری پارێزگای دھۆک-دا.