شاندێکی لێژنەی شارەوانی و گواستنه‌وه و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار سەردانی ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی سۆران ده‌كات

له درێژه‌ی سه‌ردانه مه‌یدانییه‌كانیدا بۆ پارێزگاكان و ئیداره سه‌ربه‌خۆكانی هه‌رێمی كوردستان بەمەبەستی چاودێری و بەدواداچوون و ئه‌نجامدانی دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ دامەزراوە جیاوازەکاندا، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٢/٩/٥، شاندێكی لێژنەی شارەوانی و گواستنەوە و گەیاندن و گەشتوگوزار، به‌سه‌رۆكایه‌تیی لوقمان وه‌ردى، سه‌رۆكی لێژنه و ئه‌ندامیه‌تیی ژماره‌یه‌ك له ئه‌ندامانى لێژنه‌كه، سەردانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی کرد.
سەرەتا لە دیوانی ئیدارەی سۆران، شاندی لێژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان لەلایەن حه‌کیم تێلی، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران پێشوازیى لێ‌کرا، دواتر لە دوو کۆبوونەوەی جیادا بەئامادەبوونی جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، له‌گه‌ڵ بەڕێوەبەرانی گشتیی (شارەوانییەکان، گەشتوگوزار)ی سۆران و سەرۆکی شارەوانییه‌كانی (سۆران، چۆمان، ڕەواندز)، بەڕێوەبەرانی گواستنەوە، شوێنەوارى سۆران، گەشتوگوزاری ڕەواندز، سۆران، مێرگەسۆر، ئاوی سۆران، ئاوى چۆمان، ئاوى ڕەواندز، ئاوی مێرگەسۆر، ئاوی دۆرێ، بەشێوەیەکی گشتی چه‌ند پرسێكی گرنگ گفتوگۆیان له‌باره‌وه كرا، له‌وانه زێدەڕۆیی کردنەسەر زەوی و موڵکی گشتی، خزمەتگوزاریی دابینکردنی ئاوی خواردنەوە لە دەڤەری سۆران بەگشتی، ڕێکخستن و پەرەپێدانی کەرتی گەشتیاری و پاراستنی شوێنەوارە مێژووییەکانی دەڤەره‌كه، کەرتی گواستنەوە و گەیاندن، پڕۆژە تەواونەکراوەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ئاودێریی پارک و باخچەکان و پاراستنی سەوزایی شارەکان، خزمەتگوزاریی کۆکردنەوەی خۆڵ و خاشاک و چارەسەرییه‌كان، کێشەی ئیفرازی زەوی و قەرەبووکردنەوەی خاوەن موڵکەکان، ھەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای بەخاوەنکردنی خانووەزێدەڕۆکان، هه‌روه‌ها کێشە و کرفتەکانی بانەوانی و ڕسومات.