Skip to the content
Menu

خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ چه‌ند مادده‌یه‌كی تر له‌ پڕۆژه‌یاسای پەروەردە و فێركاری كرا

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه ٢٠٢٢/٩/٢٨، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و ئاماده‌بوونی د. هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان و منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره (٥)ی ئاسایی خولی پایزه‌ى ساڵی چوارەم له ‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌ناوى خوا و گه‌لی كوردستانه‌وه دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌. پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه ‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مان و ناوى ئاماده‌نه‌بووانی دانیشتنی پێشووی به‌مۆڵه‌ت و بێ مۆڵه‌ت خوێنده‌وه.
به‌پێی تاكه‌خاڵی به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كه‌، كه‌ بریتی بوو له‌ بەردەوامبوون لەسەر خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێركاری لە هەرێمی كوردستان، كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی ئالان حه‌مه‌سه‌عید، وه‌زیرى په‌روه‌رده‌، د. ڤالا فه‌رید، وه‌زیرى هه‌رێم بۆ كاروبارى په‌رله‌مان، د. سه‌یوان عه‌لی، بریكارى وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ به‌ڕێوه‌چوو، له‌لایه‌ن لێژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و لێژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه‌ مادده‌كانی (پازده‌یه‌م، شازده‌یه‌م، حه‌ڤده‌یه‌م، هه‌ژده‌یه‌م، نۆزده‌یه‌م، بیست، بیست و یه‌ك، بیست و دوو، بیست و سێ، بیست و چوار، بیست و پێنج، بیست و شه‌ش، بیست و حه‌فت، بیست و هه‌شت، بیست و نۆ، سی، سی و یه‌ك، سی و دوو، سی و سێ، سی و چوار)، كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ (ئامانجه‌كانی خوێندنی ئاماده‌یی و به‌شه‌كانی و پڕۆژه‌ی ئاماده‌یی، ته‌واوكردنی خوێندنی ئاماده‌یی، پڕۆژه‌ی ئاماده‌یی، په‌یمانگه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌كان و بنه‌ماكانى خوێندن له‌ په‌یمانگه‌ په‌روه‌رده‌ییه‌ پیشه‌ییه‌كان، ئامانج و بنه‌ماكانى خوێندن له‌ په‌یمانگه‌ په‌روه‌ردییه‌كان، پڕۆژه‌ی په‌یمانگه‌، حوكمه‌ هاوبه‌شه‌كان و بنه‌ما هاوبه‌شه‌كان، پڕۆگرامه‌كانى خوێندن و هۆیه‌كانى فێركردن، وه‌رز و كاته‌كانی خوێندن له‌ دامه‌زراوه‌ حكوومییه‌كاندا، ڕاگرتنی خوێندن له‌ بارودۆخی نائاساییدا، به‌شه‌وانه‌كانی خوێندن، پێدانی كتێب و پێداویستییه‌كانی خوێندن، پێدانی كتێب و پێداویستییه‌كانی خوێندن)، خوێندنه‌وه‌ى دووه‌میان بۆ كرا و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیش سه‌رنج و تێبینیی خۆیان له‌سه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌و ماددانه‌ و بڕگه‌كانیان خسته‌ڕوو و چه‌ندین پێشنیازیشیان به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی پڕۆژه‌یاساكه‌ خسته‌ به‌رده‌م لێژنه‌ی هاوبه‌ش، بۆئه‌وه‌ى له‌لایه‌ن لێژنه‌كه‌وه ڕاپۆرتی ده‌نگدانى له‌سه‌ر ئاماده ‌بكرێت به‌ڕه‌چاوكردنی ئه‌و سه‌رنج و تێبینی و پێشنیازانه‌ی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان.
له‌لایه‌ن وه‌زیری په‌روه‌رده‌ و لێژنه‌ی تایبه‌تمه‌ندیشه‌وه‌ ڕوونكردنه‌وه‌ى پێویست له‌سه‌ر سه‌رنج و تێبینی و پرسیاره‌كانی ئه‌ندامانى په‌رله‌مان له‌سه‌ر ئه‌و ماددانه‌ و بڕگه‌كانیان خرایه‌ ڕوو.
به‌هۆی بۆردوومانه‌كانی ئه‌مڕۆی كۆمارى ئیسلامیی ئێران بۆ سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كى هه‌رێمی كوردستان، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ڕایگه‌یاند: "دانیشتنه‌كه‌مان هه‌ڵده‌گرین بۆئه‌وه‌ى لێژنه‌ی ناوخۆ كۆبوونه‌وه‌ى به‌په‌له‌ی خۆی ئه‌نجام بدات و به‌رچاوڕوونیمان بداتێ سه‌باره‌ت به‌و ڕووداوانه‌ى كه‌ ئه‌مڕۆ ڕوویانداوه‌، بۆ ئاماده‌كردنی هه‌ڵوێستی په‌رله‌مان، دوای ڕاوێژ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان".
به‌مجۆره‌ كۆتایی به‌ دانیشتنه‌كه‌ هێنا و ڕایگه‌یاند: "سبەی سەعات ١٠ی به‌یانی درێژه‌ به‌دانیشتنه‌كانمان ده‌ده‌ین".