Skip to the content
Menu

به‌یاننامه‌ی لێژنه‌ی كاروبارى شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانییانی سیاسی له‌ یادی ٣٥ ساڵه‌ی جینۆسایدی ئه‌نفال

ڕژێمی به‌عس به‌درێژایی ٣٥ ساڵ له‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌شی پڕ تاوانكاریى خۆیدا هه‌رچی نه‌هامه‌تی و ماڵوێرانی و كوشتاربوو به‌سه‌ر گه‌لی كوردستانی داهێنا، به‌بێ ڕه‌چاوكردنی ساده‌ترین مافه‌كانی مرۆڤ و پره‌نسیپه‌ ئاینی و مرۆڤایه‌تییه‌كان. هه‌ر بۆیه‌ش دوای زنجیره‌ تاوانه‌كانی ڕاگواستنی زۆره‌ملێی گونده‌كان و جینۆسایدى فه‌یلییه‌كان و بارزانییه‌كان و كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه‌، ئه‌مجاره‌یان له‌ هه‌شت قۆناغدا و له‌ ساڵی ١٩٨٨ ده‌ستی برد بۆ تاوانێكی دیكه‌ی بێوێنه‌ له‌ژێر ناوى ئه‌نفالدا و سه‌رتاپای كوردستانى له‌ گه‌رمیانه‌وه‌ تا بادینان گرته‌وه‌ و (١٨٢٠٠٠) كه‌سی سڤیلى كرده‌ قوربانی و زینده‌به‌چاڵی كردن له‌ گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كاندا.
ئه‌م تاوانه‌ هێنده‌ دڵڕه‌قانه‌ بوو كه‌ هه‌موو ویژدانێكی زیندووى مرۆڤایه‌تی بۆ هه‌تایه‌ ئازار ده‌دات و تا ئه‌وه‌ى دادگاى باڵای تاوانه‌كانی عێراق له‌ ساڵی ٢٠٠٨ دا به‌جینۆسایدی ناساند. له‌وه‌وه‌ داوا ده‌كه‌ین حكوومه‌تى عێراق قه‌ره‌بووی ته‌واوی كه‌سوكارى قوربانییه‌كانی ئه‌و تاوانه‌ بكاته‌وه‌ و ناوچه‌كانیان ئاوه‌دان بكاته‌وه‌ و له‌ هه‌مان كاتیشدا حكوومه‌تى هه‌رێمی كوردستان بایه‌خێكی ته‌واو به‌ ناوچه‌كانیان بدات و له‌ ئازاره‌كانیان سووك بكات.
دروود بۆ گیانی پاكی شه‌هیدانی ئه‌نفال و سه‌رجه‌م شه‌هیدانی ڕێگه‌ی ڕزگاریی كوردستان..
لێژنه‌ی كاروبارى شه‌هیدان و جینۆساید و زیندانییانی سیاسی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان
٢٠٢٣/٤/١٤