Skip to the content
Menu

د. ڕێواز فائق پێشوازیی له‌ لێژنه‌ی ئاماده‌كردنی فه‌رهه‌نگی یاساییی فه‌رمی لە ھەرێمی كوردستان كرد

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ ٢٠٢٣/٤/٣، د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ لێژنه‌ی ئاماده‌كردنی فه‌رهه‌نگی یاساییی فه‌رمی لە ھەرێمی كوردستان كرد.
له‌ دیدارێكدا گفتوگۆی تێروته‌سه‌ل له‌باره‌ی گرنگی و بایه‌خی فه‌رهه‌نگی یاساییی فه‌رمی له‌ هه‌رێمی كوردستان وه‌ك پێویستییه‌كی یاسایی و زمانه‌وانی بۆ تێكڕای دامه‌زراوه‌ یاسایی و ده‌ستوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرا.
د. ڕێواز فائق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، ڕایگه‌یاند: "پڕۆژه‌ی ئاماده‌كردنی فه‌رهه‌نگی یاساییی فه‌رمی، یه‌كێك ده‌بێت له‌ گرنگترین ئه‌و پێداویستییه‌ زانستی و ئه‌كادیمیانه‌ی كه‌ پەرلەمان، دادگاكان و دامه‌زراوه‌ یاساییەكان لە هه‌رێمی كوردستان پێویستیی پێیه‌تی و تاوه‌كو ئێستا نه‌توانراوه‌ ئه‌م بۆشاییه‌ زانستییه‌ی بواری زمانه‌وانی وه‌كو پێویست پڕ بكرێته‌وه‌، بۆیه‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ په‌رۆشه‌وه‌ هه‌موو جۆره‌ پشتیوانییه‌كی خۆی ده‌رده‌بڕێت بۆ پڕۆژه‌كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ئه‌ركه‌ی كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ئه‌ستۆی".
له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆكی په‌رله‌مان هه‌وڵ و ماندووبوونی لێژنە‌ی ئاماده‌كاریی فه‌رهه‌نگی یاساییی فه‌رمیی به‌رز نرخاند، هیواشی خواست كه‌ له‌ زووترین ده‌رفه‌تدا فه‌رهه‌نگه‌كه‌ بكه‌وێته‌ به‌ر ڕۆشنایی و دیدی یاسادانه‌ران و سه‌رجه‌م دامه‌زراوه‌ فه‌رمییه‌كانی حكوومه‌تی ھەرێمی كوردستان، هه‌روه‌ها فه‌رهه‌نگه‌كه‌ پێداویستیی زانكۆكانیش پڕ بكاته‌وه‌ له‌ ڕووی زانستییەوە.
پاشان ئه‌ندامانی لێژنه‌كه‌ سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد بۆ به‌ده‌نگه‌وه‌هاتن و هاوئاهه‌نگییان له‌ سه‌رخستنی پڕۆژه‌ی دانان و ئاماده‌كردنی فه‌رهه‌نگی یاساییی فه‌رمی له‌ هه‌رێمی كوردستان.